کوردستان

09:48 - 08/01/2019

یه‌كێتی ئاڵای كوردستانی له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد‌

پەیسەر

ئه‌مشه‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاکانی له‌ پارێزگای كه‌ركوك ئاڵای كوردستانی هه‌ڵكرد.
له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ناو باره‌گا حیزبییه‌كان قه‌ده‌غه‌كرابوو، پێشتر و له‌ رۆژی ئاڵای كوردستان حیزبی شیوعی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكه‌ی له‌ پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵكردبوو.

له‌ باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانیان، عه‌لی قه‌ڵایی كارگێری مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند: له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆری عێراقه‌وه‌، كه دۆسییه‌ی ئه‌منی ئه‌م شاره‌یان له‌ده‌سته‌، ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانین ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانمان هه‌ڵبكه‌ین.

ئه‌و كارگێر مه‌ڵبه‌نده‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك هه‌روه‌ها گوتی: حكومه‌تی عێراق پاڵپشتی ئه‌و كاره‌ی كردوین و دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ له‌سه‌ر باره‌گاكان ده‌رنابڕێت.

هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كێتی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌نگۆی رێكکه‌وتنی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانی پارێزگای كه‌ركوك هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان و دانانی پارێزگاری نوێی یه‌كێتی بۆ ئه‌و پارێزگاره‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌.