07:30 - 08/01/2019
یەكێتی رێككەوتنی سیاسی دەوێتو پارتی رەتیدەكاتەوە
یەكێتی نیشتمانی كورستان رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەوێتو پارتی دیموكراتیش ئەوە رەتدەكاتەوە.
لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوولی رابردوو، یەكێتی نیشتمانی راستەوخۆ داوای كرد، كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لەنێوان پارتیو یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكومەت واژووبكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی سەركردایەتی یەكێتی دراوە بە پەیسەرپرێس، یەكێتی ئێستا سوورە لەسەر ئەو داواكارییەیو دەیەوێت بەرێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی حكومەتی هەرێم پێكبهێنن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەیەكی ئامادەكردووەو لەناو پرۆژەكان دەیەوێت پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پۆستی پارێزگاری كەركوكو كێشەكانی نێوان هەردوولا لەبەغدا بەو رێككەوتنە كۆتایی پێبهێنێت.
لەبەرانبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو پرۆژەیەو دەستپێشخەری رێككەوتنی سیاسی یەكێتی رەتكردووەتەوەو هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە ئەو حیزبە نایەوێت پرسەكانی هەرێمو بەغداو كەركوك تێكەڵ بكات.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی بۆ پەیسەر پرێس وتی: یەكێتی لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بەرێكەوتنێكی سیاسی بۆ شێوازی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: ئێمە داوای هاوبەشی راستەقینە لەپارتی دەكەین، كە پێمانوایە بەبێ واژووكردنی رێككەوتن ناتوانین ئەوە بەدەستبهێنین، بۆیە بڕیارمان ئەوەیە، بەبێ ئەو رێككەوتنە نەچینە حكومەتی هەرێم.
سووربوونی یەكێتی لەسەر ئەو داواكارییەو رەتكردنەوەی لەلایەن پارتییەوە، بووەتە هۆی رێگری لەبەردەم هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەكاتێكدا سەد رۆژ زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە.