کوردستان

10:00 - 17/12/2020

ئاڵای كوردستان لە نێوان پیرۆزیی و لەكەداركردندا‌

پەیسەر

ئەمڕۆ17ی کانوونی  یەكەم ڕۆژی ئاڵای كوردستانە، ساڵانە هاوڵاتیانى به‌شه‌جیاوازه‌كانى كوردستان  بە بۆنەی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئاهەنگ و رێوڕەسم سازدەکەن بەڵام ئەمساڵ بە كۆمەڵێك هۆكاری جیاواز ئەو ئاهەنگانە سازناكرێن.

ئاڵای کوردستان به‌سمبولى نه‌ته‌وه‌ى كورد داده‌نرێت، ئه‌م ئاڵایه‌ لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دان، لە دامودەزگا حکوومییەکان و ئۆرگانە فەرمییەکان شەکاوەیە، وەک ئاڵای تەواوی کوردستان دەبینرێ.

ئاڵای کوردستان پێک ھاتووە لە سێ ڕەنگی (سوور و سپی و سەوز) و دروشمێک لە ناوەندی.

ئاڵای کوردستان لە لاکێشەی ئاسۆیی پێکھاتوە، لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپی یە، و لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەرینی ئاڵا دوو لەسەر سێ درێژییەکەیەتی.

دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ پەڕ (تیشک) ی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە کە ڕێکەوتی ٢١ی ٣ دەگەیەنێت کە سەرەتای ساڵی کوردییە. بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێ یەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەکانییەوە یەک پێوەرە و بەبێ پەڕەکان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان ڕاستە و لە دەرەوە خالێکی تیژ دروست دەکەن. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت. خۆر بەشێوەیەک جێگیر کراوە کە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ (تیشک) تێدەپەڕێت.


كەی ئاڵای كوردستان هەڵكرا

لە ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری مەھاباد ھەڵکرا، هەرچەندە بەشێك لە مێژوو نوسان باس لەوە دەكەن ئەو ئاڵایەی كە لە كۆماری مەهاباد هەڵكراوە هەمان ئەم ئاڵایەی ئێستای كوردستان نییە.

كەی ئاڵای كوردستان داگیرا

دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان شكستی هێنا له‌و كاته‌دا بەمەبەستی پاراستنی ئاڵایى كوردستان لەدوژمنان كە سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵایەكەیان داگرتووەو پاشان كۆمار هەڵوەشێنراوەتەوە و سەرۆك كۆمارو وەزیرێك و بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمار لەسێدارە دران، بەڵام سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانی دیكە هەریەكەیان بە ماوەیەك زیندانی ئاسایی سزادراو دواتر ڕەوانەی ماڵی خۆیان كرانەوە.
لە ئێستاشدا لە دوای ڕیفراندۆم و 16 ئۆكتۆبەری 2017 رێژەیەكی زۆر لە خاكی هەرێمی كوردستان كەوتۆتەوە دەست حكومەتی ناوەند و ئاڵای كوردستان لە 51%ی هەرێمی كوردستانیش هەڵناكرێت و نابینرێت بە كەركووكیشەوە و ئەمڕۆش لە شنگال سەرجەم ئاڵاكانی تر داگیراون و تەنها ئالای عێراق و بەشێك لە حیزبەكان بەدی دەكرێت.

رۆژی ئاڵای كوردستان
لە ساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا کە ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک وەکو ڕۆژی ئاڵا دیاری بکرێت و لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بکرێنەوە، هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك بەئاڵای فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.


مانای ڕه‌نگه‌كانى ئاڵای كوردستان
ڕه‌نگى سوور، هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا.
ڕه‌نگى سپى، هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە.
ڕه‌نگى سەوز، لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
ڕه‌نگى زەرد، مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكیەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كوردە.

پیرۆزیی و...
گەرچی ئالا لە پارچە قوماشێك و چەند ڕەنگ و هێمایەك پێكهاتووە، بەڵام لە بیرو بۆچوونی هەموو نەتەوەویەكدا پیرۆزیی خۆی هەیە و لە لای كوردیش ئاڵای كوردستان بەیەكێك لە پیرۆزییە نەتەوەییەكان دێتە ئەژمار، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك پیرۆزییەكانی ئەو ئاڵایەش خراوەتە ژێر پرسیارەوە لەوانەش:
1-لەهەموو كوردستان یەك جۆرە ئاڵانیەو ئەوەی زۆر گرنگی پێدەدرێت باشووری كوردستان و ئەوانەی هەواداری باشووری كوردستانن لە پارچەكانی دیكە.
2-گرنگیدان بە ئاڵای دەستەو تاقم و گروپە كوردییەكانی دیكە و كەمتر بایەخدان بە ئاڵای كوردستان.
3-گەرچی لە پێناوی بەرزهێشتنەوەی ئاڵای كوردستاندا قوربانی زۆر دراوە، لە هەمان كاتدا لە سایەی خراپ بەكارهێنانی ئەو ئالایەو ماناكانیدا دەیان خیانەت و هەزاران گەندەڵی كراوەو لە هەمان كاتیشدا خیانەتكارانی ئەنفال و كێشەكانی تری پێ پەردە پۆشكراوە.
4-لەژێر ئەو ئاڵایەدا هەزاران یاساشكێنی و كوشتن و بڕین و ڕاوەدونان و سزای سیاسی دراوە.
5-جیاوازییەكی زۆری ئابووری لەسایەی ئاڵای كوردستاندا كراوەو ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی كەم لە سایەیدا پێگەی ئابوورییان بە هێز ببێت و كەس و كارو قوربانیدەرانیش قووتی رۆژانەیان نیەوكەس و كاری شەهیدانیش بەردەوام لە ژیانێكی خراپدا دەیگوزەرێنن.
6-ئەمانەو دەیان خاڵی لاوازی دیكە كە بووەتە هۆی ئەوەی ئینتیماو خۆشەویستی و پیرۆزی ئاڵای كوردستان بخاتە ژێرپرسیارەوە.