کوردستان

10:39 - 13/12/2020

دواین زانیارى له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌كانى ئەم دواییانەی هەرێمی كوردستان‌

پەیسەر

لە خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تائێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 70 کەسیش برینداربوون، ده‌یان كه‌س ده‌ستگیركراون و تائێستا ئازادنه‌كراون، له‌ سنورى هه‌ردوپارێزگاكه‌ زیاتر له‌ 150 باڵه‌خانه‌ى حكومى و حیزبى سوتێنران، ژمارەیەک لە رێکخەران و خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراون، رۆژانە گرتن و ڕاوەدوونان بەردەوامە.

له‌ درێژه‌ى ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژى دواكه‌وتنى مووچه‌ و نه‌بونى خزمه‌تگوزاریه‌سه‌ره‌تاییه‌كان به‌تایبه‌ت كاره‌با و نه‌وت، له‌ هه‌رێمى كوردستان، چین و توێژه ‌جیاوازه‌كانى سنورى هه‌ردووپارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ڕژانه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ به‌توندى وه‌ڵامدرانه‌وه‌ و خۆپیشاندانه‌كان گرژى تێكه‌وت.

سه‌ره‌تاى خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دواییه‌، له‌ قه‌زای سه‌یدسادقه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد، خۆپیشاندەران ڕژانه‌سه‌رشه‌قامه‌كان و ڕێگاى سه‌ره‌كى قه‌زاكه‌یان داخست، سەرەتا خۆپیشانده‌ران، دواتریش سه‌رجه‌م باره‌گا حكومى و حیزبیه‌كانى ناوقه‌زاكه‌یان سوتاند، به‌هۆى دروستبونى گرژى له‌ نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ئه‌منیه‌كان ده‌یان كه‌س برینداربون و ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌كران، وەك قایمقامی قەزاكە ڕایگەیاند بەشێك لە بریندارەكان پۆلیسی چالاكە مەدەنیەكان و هێزە ئەمنیەكان بوون، هاوكات چالاكوان و ڕێكخه‌رانى خۆپیشانده‌ره‌كان له‌ سنوره‌كه‌ ده‌ستگیركران و تا ئێستاش هەندێكیان ئازاد نەكراون.

هاوكات، چین و توێژه‌جیاوازه‌كانى  ناحیه‌ى ته‌قته‌قى سه‌ربه‌قه‌زایى كۆیه‌، ڕژانه‌سه‌رشه‌قامه‌كان و خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، خۆپیشانده‌ران داواى موچه‌ و خزمه‌تگوزاریه‌سه‌ره‌تایه‌كان كرد، به‌پێویستیشیان زانى چاكسازى ڕیشه‌ى له‌ هه‌رێم ئه‌نجامبدرێت و كۆتاى به‌ زوڵم و سته‌م و گه‌نده‌ڵكارى بهێندرێت.

دواتریش بۆ ڕۆژى دواى خۆپیشاندان له‌ ده‌ربه‌ندیخان و پێنجوێن و ڕانیه‌ و قه‌ڵادزێ و چه‌مچه‌ماڵ و کەلار و گەرمیان و شاره‌زوور به‌ڕێوه‌چوو، خۆپیشانده‌ران باره‌گا حكومى و حیزبیه‌كانیان سوتاند..

له‌ شارى سلێمانیش سه‌ره‌ڕایى بڵاوه‌پێكردنى هێزێكى ئه‌منى زۆر خۆپیشاندان له‌به‌رده‌م بیناى پارێزگاىى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، خۆپیشانده‌ران ڕێگاى سه‌ره‌كى سلێمانى تاسڵوجه‌ییان داخست، دواتر خۆپیشاندانه‌كان گرژى تێكه‌وت و به‌زه‌برى هێز كۆتاى پێهێنرا، ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نوس و چالاكوان و ڕێكخه‌رانى خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستگیركران.

به‌پێى دوایین زانیارى كه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتووه‌، زیاتر له‌ 150 بینا و باره‌گاى حیزبى له‌ هه‌ردوو سنورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ سوتاون، به‌پێى وته‌ى شاخەوان رەئووف، سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لە خۆپێشاندانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تائێستا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 70 کەسیش برینداربوون.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌، ژمارەیەک لە رێکخەران و خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکان دەستگیرکراون، رۆژانە گرتن هەیە و بەردەوامە، کە بۆ ماوەی رۆژێک یان چەند رۆژێک دەستبەسەر دەکرێن و پاشان ئازاد دەکرێن.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانى ڕۆژى هه‌ینى شارى سلێمانیش، به‌شێك لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەستگیرکران، كه‌ لەنێویاندا عەبدوڵڵا مەلا نووری، شێرکۆ حەمە ئەمین و پەیمان عیزەدین پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان و چەند چالاكوانێك هه‌یه‌ و دوێنێ بەشێکیان ئازادکران.