کوردستان

11:18 - 08/01/2019

مایك پۆمپیۆ: ترەمپ راستەوخۆ داوای لەئەردۆغان كردووە دەبێت كوردانی سوریا پارێزراوبن‌

پەیسەر

بەقسەی مایك پۆمپیۆ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا راستەوخۆ داوای لەرەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا كردووە، كە دەبێت كوردانی سوریا پارێزراو بن.

مایك پۆمپیۆ، ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی پێش دەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ وڵاتانی عەرەبی‌و كەنداو رایگەیاند، كە ترەمپ پاراستنی كوردەكانی سوریای بەلاوە گرنگە، بۆیە راستەوخۆ ئەو داوایەی لەئەردۆغان كردووە.

ئاژانسی فرانس پرێس قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای گواستووەتەوە، كە راشیگەیاندووە، ئەمریكا گەرەنتی  ئەوەی لەتوركیا دەوێت، نابێت هێرش بكرێتە سەر هێزە كوردییەكان لەسوریا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.

ئەمە لەكاتێكدایە 19ی مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەسوریاو رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، كە چوار ساڵە بەهاوكاری هێزە كوردییەكان شەڕی داعش دەكەن.

دوای بڕیارەكەی ترەمپ، ئەردۆغان راستەوخۆ هاتە سەر هێڵ‌و هەڕەشەی كرد، هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانەی لەباكووری سوریا بەدەست هێزە كوردییەكانن، بۆ ئەوەش هێزی لەنزیك شاری مەنبەجی سنووری كۆكردووەتەوە.

پۆمپیۆ، كە بەئامانجی گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی سوریا سەردانی هەشت وڵاتی عەرەبی دەكات، ئەوەشی راگەیاند، ئەردۆغان بەڵێنی ئەوەیداوە بەترەمپ، كە شەڕی داعش بكات‌و كۆتاییان پێبهێنێت، بەو هۆیەشەوە سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەیداوە.

ئەردۆغان، هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان، بە بەشێك لەپارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەزانێت، بۆیە هەڕەشەی هێرشكردنە سەریان دەكات، بەڵام ئەمریكا ئەوە رەتدەكاتەوەو بەرپرسانی ئەو وڵاتەش چەندین جار جەختیان لەپاراستیان كردووەتەوە.