کوردستان

11:03 - 08/01/2019

زانیاری ورد له‌سه‌ر ئه‌نجامنه‌دانی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌هۆی  كێشه‌ ناخۆییه‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌درا و پەیسەرپرێس ناكۆكیەكان ئاشكرادەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، كۆنەبوونەوەی ئەمرۆی یەكێتی و پارتی پەیوەندی بەدوو خاڵی ناكۆكی ناوخۆی یەكێتیەوە هەبوە.

به‌پێی زانیارییه‌كان یەكێك له‌ ناكۆكییه‌كان رێكنەكەوتن بووه‌ لەسەر ئەندامانی شاندی یەكێتی بۆ دانوستان، بەجۆرێك یەكەم جار بڕیار بووە شاندەكە له‌حه‌وت كەس پێكبێت، بەڵام دواتر بۆ 5 كەس كەمكراوەتەوە و دوو ئەندامی مەكتەبی سیاسی لەناو ئەندامانی  شاندەكە لابراون بەهۆیەوە ئەو دوو ئەندامە هەرەشەی هەڵوێست وەرگرتنیان كردوە.

خاڵی دوومی ناكۆكی ناوخۆی یەكێتی پەیوەندی بەوەوە هەبووە كە پارتی داوای لێكردووە ناوی كاندید بۆ سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم بهێننە كۆبونەوە هاوبەشەكە، بەڵام یەكێتی لەسەر ناوی هیچ كاندیدێك رێكنەكەوتوون و  هه‌ر بەهۆی ئەو دوو خاڵەشه‌وە یەكێتی داوای لەپارتی كردووە كۆبونەوەكە دوابخرێت.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، بارزانی بەهۆی داواكاریەكەی یەكێتی توڕەبووە و رایگەیاندووە ئەوە دووجارە بریاری كۆبونەوە دەدەن و هەڵی دەوەشێننەوە.

سەبارەت بە پێش مەرجەكانی كۆبونەوەكەش سەرچاوەكە دەڵێت، پارتی دوو مەرجی هەبووە یەكێكیان ئەوەبووە كە كۆبونەوەكە لەماڵی مەسعود بارزانی لە هاوینەهەواری پیرمام بەرێوەبچێت و دووەمیش لاهور شێخ جەنگی لەكۆبونەوەكە بەشدار نەبێت و یەكێتیش هەردوو مەرجەكەی قبوڵ كردووە.

سەبارەت بەمەرجی یەكێتیش سەرچاوەكە دەڵێت، داوایكردووە گفتوگۆكان تەنها لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم نەبێت بەڵكو لەسەر وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی و پارێزگاری كەركوكیش بێت بارزانیش مەرجەكەی یەكێتی قبوڵ كردووە.