10:13 - 08/01/2019
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی هەرێم بگەڕێنێتەوە
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بگەڕێنێـتەوە، ئەوەش كێشەی لەناو بنەماڵەی بارزانی دروست كردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید كرد، كە ئەو پۆستە لەمانگی 11ی ساڵی 2017 سڕكراوەو دەسەڵاتەكانی بەسەر سەرۆكایەتییەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانو پەرلەمانو دادوەری دابەشكراوە.
ساڵی 2017، كاتێك مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو، دەسەڵاتەكانی دابەشكرا بەسەر سێ سەرۆكایەتییەكەی تری هەرێمو زۆربەی دەسەڵاتەكانیش كەوتە لای سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناو پارتی دراوە بەپەیسەر پرێس، لەگەڵ هەوڵەكانی ئەو حیزبە بۆ چالاككردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەرێگەی پەرلەمانەوە، نێچیرڤان بارزانی دەستی بەهەوڵ كردووە، بۆ ئەوەی زۆربەی دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی هەرێم بگێڕێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئامانجی نێچیرڤان بارزانی لەم هەنگاوەی ئەوەیە، كە نایەوێت مەسرور بارزانی ئامۆزای، كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەو دەسەڵاتی زیاتر بێتو لەو رێگەیەوە رۆڵی هەم لەناو پارتی، هەم لەهەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە.
پێشتر دەسەڵاتەكانی راگەیاندنی باری نائاساییو دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنو فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانو راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەتو دەسەڵاتی واژووكردنی یاساكانو رەتكردنەوەی لای سەرۆكی هەرێم بوو، كە ئێستا ئەو دەسەڵاتانە لای سەرۆك وەزیرانە.
پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، كە نێچیرڤان بارزانی نایەوێت ئەو دەسەڵاتانە لای مەسرور بارزانی بێت، بۆیە هەوڵی گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان بۆ سەرۆكی هەرێم دەدات، كە ئەوەش كێشەی لەناو بنەماڵەی بارزانی دروست كردووە.
هەروەها زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە مەسرور بارزانی رازی نییە بەوەی ئەو دەسەڵاتانە بۆ سەرۆكی هەرێم بگەڕێتەوەو بەوەش نێچیرڤان بارزانی ناڕازی بووەو ناڕەزاییەكانیشی گەیاندووەتە دەسەڵاتدارەكانی بنەماڵەكەی بەتایبەتی ئەو بۆردە راوێژكارییەی لە بەتەمەنەكانی ناو بنەماڵەی بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكان پێكهێنراوە.
نێچیرڤان بارزانی لەكاتی گەیاندنی ناڕەزاییەكان بە بۆردەكەی بنەماڵەی بارزانی باسی لەوە كردووە، كە مەسرور بارزانی لەئێستاوە كار بۆ ئەوە دەكات رۆڵی لەناو پارتیو هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوەو جەختی لەوەش كردووەتەوە، رێگە بەوە ناداتو لەروویدا دەوەستێتەوە.