کوردستان

04:52 - 07/01/2019

پیرمام.. سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی بڕیاربوو ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوانیان كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی وه‌فدی یه‌كێتی له‌سه‌ر شوێنی كۆبونه‌وه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌درا، به‌پێی زانیارییه‌كانیش سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌ش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەمەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، بڕیار وایه‌ كۆبوونه‌وه‌ بڕیارلێدراوه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی سبه‌ینێ له‌ ماڵی مه‌سعود بارزانی له‌ پیرمام به‌ڕێوه‌بچێت.

هه‌رچه‌نده‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی، به‌ڵام ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و سه‌رچاوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیش له‌وباره‌وه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ سێ ته‌وه‌ر له‌ خۆده‌گرێت.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ سێ ته‌وه‌ر له‌ خۆده‌گرێت كه‌ یه‌كێكیان كێشه‌ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتییه‌

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتیشی: بڕیار وایه‌ سبه‌ینێ كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌لایه‌ك و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی له‌لایه‌كی تر ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ بێت، هه‌روه‌ها پرسی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی داد و هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ ته‌وه‌ری دووه‌م و پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێش ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی و  پارتی بێت.

له‌باره‌ی شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجام نه‌درێت، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتی: یه‌كێتی رازی بووه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ماڵی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی له‌ پیرمام ئه‌نجام بدرێت.

پلانی پارتی ئه‌وه‌یه‌ تا سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو حكومه‌ت ده‌ستبه‌كاربێت

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوه‌، پلانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌یه‌   كە تاكۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەست بەكاربێت و پێشده‌چێت مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ بكات.

له‌باره‌ی پۆسته‌كانی كابینه‌ی نوێ پارتی نیازی وایه‌ سبه‌ینێ ئه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی نیشتیمانی رابگه‌یه‌نێت، وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و سامانەسروشتیەكانی بۆخۆی داناوەو  نایه‌وێت له‌وباره‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكات و بیداته‌ هیچ لایه‌نێك، له‌ كاتێكدا كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ پێی زانیارییه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ داواكارییه‌كانی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی نوێ.