کوردستان

03:16 - 07/01/2019

ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ راده‌ستی پارتی كردووه‌‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پرۆژەیەكی بۆ چارەسەری كێشەی ناوچەدابڕێندراوەكان ئامادەكردووە و رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە، پەیسەریش ناوەرۆكەكەی ئاشكرا دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەیەكی بۆ  چارەسەری كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان  لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكردووە و راده‌ستی پارتی كردووه‌.

پارتی لە وەڵامی پڕۆژه‌كه‌ی یەكێتیدا رایگەیاندووە، كێشەی ئەوان لەگەڵ یەكێتی نیە، بەڵكو لەگەڵ حكومەتی ناوەندیە 

لەپرۆژەكەیدا یەكێتی داوایكردووە پارتی رازی بێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، لەبەرامبەردا پشه‌كانی ته‌واوی ناوچه‌دابڕاوه‌كان به‌ شێوه‌ی له‌ 50% به‌ به‌ 50% بۆ هه‌ردوو حیزب بێت و هیچ حزبێكی كوردیش بەشداری پێنەكرێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ناوچانه‌.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێ، پارتی لە وەڵامی پڕۆژه‌كه‌ی یەكێتیدا رایگەیاندووە، كێشەی ئەوان لەگەڵ یەكێتی نیە، بەڵكو لەگەڵ حكومەتی ناوەندیە و تاكە مەرجیشیان ئەوەیە هەموو ئەو هێزانەی بەهۆی ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هاتوونەتە ئەوناوچانە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و بڕیارەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەریش هەڵوەشێندرێنەوە، بەپێچەوانەوە ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژە بەوەشدەكات، پێشنیارە نوێكەی یەكێتی دوای ئەوە دێت كە یەكێتی نەیتوانی لەرێگەی بەغدادوە پارێزگاری كەركوك وەربگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەو پرۆژە نوێیەدا ئاماژە بەوەكراوە كە ئەگەر پارتی ئامادە نەبێت بۆ چارەسەری كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان، ئەوە یەكێتی بەئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت بەرێككەوتن لەگەڵ پێكهاتەكانی تری كەركوك و بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد هەوڵ بدات بۆ چارەسەری كێشەی كەركوك.

له‌ ئه‌گه‌ری قه‌بوڵنه‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، ئه‌وا یه‌كێتی په‌نا بۆ به‌غدا ده‌بات

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، پلانی دووەمی یەكێتی بریتیە لە رێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان بۆ ئەوەی لەقۆناغی یەكەمدا رێبوار تاڵەبانی لەسەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لاببرێت و كاندیدێكی تربكرێتە سەرۆكی ئەنجومەن، پاشانیش پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێت و پۆستەكانیش پڕبكرێنەوە.