کوردستان

10:22 - 04/11/2020

كوتلەكەی كازمی كاندیدی كوردیشی تێدا دەبێت؟‌

پەیسەر

كازمى كار بۆ دروستكردنى كوتله‌یه‌كى سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق دەكات و پێدەچێت كوردیشی تێدابێت.


سەرچاوە میدیاییەكانی عێراق نزیك لە مستەفا كازمی ڕایانگەیاند له‌ئێستا دا له‌ هه‌وڵى دروستكردنى كوتله‌یه‌كى سیاسیی تایبه‌ت به‌خۆیدایە، بۆ ئه‌وه‌ى له ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا به‌شدار ببێت و شارەزایانی بواری هەلبژاردنیش ئاماژە بەوە دەكەن لەنێو ئەوانەی كە گفتوگۆی لەگەڵ كردوون كودیشیان تێدایە و بەدووری نازانن لە كوردستانیش كاندیدیان هەبێت.

 
بە پێی سەرچاوەكان كوتله‌ سیاسیه‌كه‌ى كازمى پێكهاتووه‌ لە چین و توێژی جیاواز لە خەڵكی  له‌سیاسی وچالاكوان و رۆژنامه‌وانان و ئەوانەی كە ڕۆڵیان هه‌بوه‌ له‌خۆپیشاندانه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2019..
سەرچاوە میدیاییەكانی نزیك لە مستەفا كازمی رایانگه‌یاندوه‌: هێزه‌ سیاسییه‌كانى عێراق ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌، كازمى پۆسته‌كه‌ى ئیستیغلال بكات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو، وبه‌كوتله‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌شدارى بكات.
بۆئەو مەبەستە چەندناوێكیان بۆ كوتله‌كەیان‌ پێشنیار كردوه‌ وەك ( كوتله‌ى مه‌رحه‌له‌) و( كوتله‌ی بیدایه‌) به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر هیچ یه‌كێكیان یەكلایی نەبوونەتەوە.

كازمى راشیگه‌یاندوه‌: كه‌ده‌بێته‌ سه‌رپه‌رشتیارى كوتله‌كه‌ى، ومه‌رجیش نیه‌ خۆى كاندید بكات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق كه‌بڕیاره‌ له‌مانگى حوزه‌یرانى داهاتوو به‌ڕێوه‌بچن. بەڵام خۆی لەو بابەتانە بە دوور دەگرێت لە ترسی ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە متمانەی لێوەرنەگیرێتەوە. بەڵام هەندێك لە لایەنەكان باس لەوە دەكەن كە مستەفا كازمی پێشتر پەیمانی پێداون كە بەشداریی هەلبژاردنەكان نەكات و لەسەر ئەو بنەمایە پشتیوانییان كردووەو دەنگیان پێداوە.

لە لایەكی دیكەشەوە بەشێك لەوانەی كە پێداگریی دەكەن لە بەشداریكردنی كازمی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هیچ یاسایەك لە ئارادا نییە ڕێگر بێت لەوەی سەرۆك وەزیران لیستی نەبێت یان ڕێگر بێت لەوەی كوتلەیەكی هەلبژاردن دروست بكات.

وەك شارەزایانیش باسی دەكەن كازمی توانیویەتی سەرنجی زۆرینەی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی گۆرەپانی تەحریر بۆ خۆی رابكێشێت و تەنانەت ژمارەیەكیشیان بكاتە كاندیدو ئەوەش ئەگەری سەركەوتنی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی داهاتوو مسۆگەرتر دەكات.

شارەزایانی هەلبژاردن باس لەوەش دەكەن لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی حوزەیرانی داهاتوو سەرانسەرییەو هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە بەدووری نازانن كە كوتلەكەی كازمی لە هەرێمی كوردستانیش كاندیدی هەبێت و ناڕازییەكانی سیاسەتی حیزبە كوردستانیەكانی لەدەور كۆببنەوەو بەوەش شانسێكی هەبێت كە دەنگ بهێنێت و بەشێكیشی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە نیگەرانن لە سیاسەتی گشتی حیزب و نوێنەرەكانی كوردستان لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێمی كوردستان.

هەرچەندە هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كازمی لە هەرێمی كوردستانیش دەستی بە جووڵە كردووە بەڵام هیچ لایەنێكی فەرمی ئەوەی پشت ڕاست نەكردووەتەوە.