کوردستان

07:00 - 06/01/2019

هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر

بڕیار وایه‌ سبه‌ینێ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ شاری هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌، هۆكاری كۆبوونه‌وه‌كه‌ش قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر زیادبوونی ناكۆكییه‌كانیان و دروستبوونی گرژی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ په‌یسه‌رپرێس له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتیه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌، كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ بەرێوەدەچێت، تایبەت نیە بەگفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بەڵكو بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی هەردوو حزبە.
بە پێی زانیارییەكان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە نیازە لە كۆبوونەوەكەدا پەیامێكی گشتیر بۆ سەرجەم بەرپرسانی یەكێتی بنێرێت.
بارزانی نیگەران بووە لە لێدوانی هەندێك بەرپرسی یەكێتی كە باسیان لە دوو ئیدارەیی كردووە، هەروەها بارزانی دەیەوێت رونتر لەگەڵ یەكێتی لەسەر پرسەكانی وەزارەتی داد و پۆستی پارێزگاری كەركوك و پشكی یەكێتی لە حكومەت لەو پەیامەدا بۆ یەكێتییەكان رونبكاتەوە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژە بەوەشدەكات، ئەندامانی شاندنی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت بانگهێشتی كۆبونەوەكە نەكراون، بڕیاریشە دوای ئەو كۆبونەوەیە وەفدی پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەت سەردانی سلێمانی بكات.
لەدوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق لە 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو یەكەمجارە مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.