کوردستان

12:02 - 02/11/2020

تکایە فریای بادینان و کەسوکارەکانمان کەون‌

پەیسەر

کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی بادینان، ڕایدەگەیەنن، لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ئەمساڵەوە تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک 280 کەسی دەستگیر کردووە و هێشتا 17کەسیان لەزینداندا ماون و شوێنیان دیار نییە، داواش لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی دەکەن بە فریایانەوە بچن.

کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی پارێزگای دهۆک، دەربارەی ئەو هاوڵاتی و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی لە ماوەی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان دەستگیری کردوون، دوێنێ یەك شەممە 1/11/2020  یاداشتێکیان ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی کردووە.

لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: لە 13 ئابی ئەمساڵەوه‌ تا ئه‌مڕۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێگای ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارێزگای دهۆكەوە له‌ هه‌وڵێكی نادیموكراسی و ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان به‌ ده‌یان چالاكوان، مامۆستا، ڕۆژنامه‌نووس و هاوڵاتی ناڕازی سنووری پارێزگای دهۆك دەڕفێنێت و ده‌ستگیردەکات، كه‌ ژماره‌ی دەستگیرکراوەکان زیاتر لە 280 كه‌س بووە، زۆربەیان دوای پڕکردنەوەی بەڵێنامە لەژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەی دەزگائەمنیەکان پێیان ئازادکراون، بەڵام هێشتا 17کەس ماون و شوێنیان دیار نیە، بەڵام بەپێی زانیاریی سەرچاوەی نافەرمی لە سەری ڕەشن لە سەلاحەدین.



دەقی یاداشتی كەس و كاری دەستگیراوەكان:

تکایە فریای بادینان و کەسوکارەکانمان کەون
بۆ بەڕێز/ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کومەڵگای مەدەنی

ماوه‌ی زیاتر لە دوو مانگە و بەدیاریکراوی لە رێككه‌وتی 13/8/2020وه‌ تا ئه‌مڕۆ، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێگای ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی پارێزگای دهۆك له‌ هه‌وڵێكی نادیموكراسی و ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا كارپێكراوه‌كان به‌ ده‌یان هاوڵاتی، چالاكوان، مامۆستا و ڕۆژنامه‌نووس و هاوڵاتی ناڕازیی سنووری پارێزگای دهۆك دەڕفێنێت و ده‌ستگیردەکات، كه‌ بەپێی ئەو ئامارەی لامانه‌ ژماره‌ی دەستگیرکراوەکان زیاتر لەو (280) كه‌س بووە، زۆربەیان دوای بەڵێنامە و بێدەنگبونیان (تعهد) لەژێر هەڕەشەی و ئەشکەنجەی دەزگائەمنیەکان ئازادبوونە، بەڵام هێشتا (17) کەس ماون و شوێنیان دیار نیە، بەپێی سەرچاوەی نافەرمی لە سەری ڕەشن لە سەلاحەدین.

لە چەند خالێکدا مەترسی پرۆسەیە دەخەینە ڕوو:

یه‌كه‌م: 

ئه‌م پرۆسه‌ی ڕه‌شبگیرییە لەبەر زیادبونی دەنگی ناڕازییە لە پارێزگای دهۆک، چونکە مووچە دوادەکەوێت و خزمەتگوزاری باشنیە و دۆخی ئازادیی خراپە، هەروەها بێ بڕیاری دادگا (ڕۆژنامه‌نووس، چالاكوان، مامۆستایان) به‌شێوازێكی دڕندانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون، بەتایبەتی شێوازی ڕفاندنی مامۆستا (شڤان سەعید) لەبەر چاوی پێنج مناڵ دۆخی سایکولۆجی سێ کچەکەی ناجێگیرە، لەکاتێکدا بێ هه‌بوونی هیچ تاوانێك و ته‌نانه‌ت به‌شداری خۆپیشاندانیش نه‌بوونه و ڕێگه‌ش نادرێت كه‌سوكار و پارێزه‌ران چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ زیندانیكراوه‌كان ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ مەبەستی سیاسی لە پشتە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی مەدەنیانە، ئەمە مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ پارێزگای دهۆك و هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی.

دووه‌م: 

 لە ڕووی یاساییەوە لەهەرێم یاسای ژمارە (11 )ی خۆپیشاندان و یاسای (35) ڕۆژنامەگەری هەیە و لە دەستووری عیراقیشدا ماددەی 38 مافی خۆپشاندان و ڕای جیاواز هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان بەپێی یاسای جیاوازی عیراقی کە وەستێنراون خەڵک دەڕفێنێت تۆمەتی مەترسیداری بێ بنەمانە وەکو پەکەکە و تێکدانی ئارامی دەخاتە پاڵ چاڵاکوانان، هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری حزبی و دوور لە یاسا و دامەزراویبون خەڵک دەستگیردەکات، چونکە ئەو ئەنجومەنە لە پێنج ئەندام پێکدێت، لە ڕێککەوتی 26/10/2020 بەیاننامەیەکی تێکەڵ و مەتاتی بڵاوکردووە کە بەناڕاستەوخۆ چاڵاکوانان بەتێکدان و تیرۆر تومەتبار دەکات و ڕای گشتی و بیانی چەواشەدەکات، سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنەکەش لە هەمان ڕۆژدا ئەو بەیاننامەی لە لایەن دوو ئەندامی پارتیەوە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەرچوە ڕەتدەکەنەوە و ئاگادار نین و بە سیاسی دەزانن و لایەنەکانی دیکەش لەنێو حکومەتی هەرێم بێجگە لە پارتی و ئۆپۆزسیۆنیش دژی ئەم هەوڵەن.

سێیەم: 

گومان دەکەین ئەم چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانە ئەشکەنجەدرابێن و لەژێر هەڕەشە ئیفادە و ئعتیرافی خراپ پێ بنوسن (چونکە پێشتر لەم ماوەیەشدا خەلک ئەشکەنجەدرا)، بێ بڕیاری دادگا مۆبایل و کەلوپەلی خێزانی دەستگیرکراوەکان و ئایپادی خوێندنی مناڵەکانیان بردویانن، بە وێنەی خێزانی و تایبەتی خۆیان هەڕەشە لە دەستگیرکراوان دەکرێت، ئەم پرۆسەیەی دەستگیرکردنی خەڵکی ناڕازیی بەردەوامە، بە ڕێگێریکردنیش لە دەربڕینی مەدەنی و یاسایی ئوتۆماتیکی خەڵک بیر لە ڕێگای توندوتیژ دەکات چونکە پێکهاتە سۆسیۆلۆژی ئەو ناوچەیە عەشاییریە، ئەمەش مەترسیدارە و دەستەڵات خۆی بەرپرسیارە.

له‌به‌ر ئه‌و خاڵانەی ئاماژەمان پێکرد، داواكارین و تكایه‌ هه‌ر چی زووه‌ هه‌وڵی جدی بدرێت ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان ئازاد بكرێن و ئه‌م پرۆسه‌ مەترسیدارە بوه‌ستنێرێت، چونكه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

– ناوی ده‌ستگیركراوه‌ چالاکە مەدەنییەكان و شوێن و ڕۆژی دەستگیرکردنیان:
لیستی یەکەم:

شێروان شێروانی (ڕۆژنامەنووس) – دهۆک 7/10/2020
شڤان سەعید بەرۆشکی (مامۆستا و چالاکوان) – دهۆک 22/10/2020
گوهدار زێباری (ڕۆژنامەنووس).. ئاکرێ 22/10/2020
ئەیاز کەرەم (ڕۆژنامەنووس) .. دهۆک 22/10/2020
هاریوان عیسا (چالاکوان) – سێمێل 22/10/2020
بەدەل بەرواری (چالاکوان) – دهۆک 18/8/2020
ئومێد بەروشكی (چالاکوان) – دهۆک 18/8/2020

لیستی دووەم:
مەسعود شەنگالی (مامۆستا) – دهۆک 30/8/2020
سلێمان کمال هاریکی (مامۆستا) – ئاکرێ 6/9/2020
سلێمان موسا زێباری (چالاکوان)6/9/2020
ساڵح عەبدولجەبار (مامۆستا) – شێلادزێ20/8/2020
جەمال خەلیل سندی (مامۆستای زانکۆ) – زاخۆ..4/9/2020
بەندەوار ئەیوب رەشید (چالاکوان) – دهۆک 4/9/2020
پەهلەوان عادل بناڤی (چالاکوان) – دهۆک 4/9/2020
کارکەر عەباس عەلی روستینکی (چالاکوان).. دهۆک4/9/2020
وەڵات گەودا (چالاکوان) – زاخۆ 9/9/2020
دکتور عامر (مامۆستا) – دهۆک

٭ لەبەر بەردەوامی پرۆسەکە پێمان وایە ژمارەی زیندانیان زیاترن، بەڵام ئەمە ناوی بەشێک لە دەستگیرکراوە ناسراوەکان بون.

کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی پارێزگای دهۆک 1/11/2020