11:03 - 31/10/2020
تەرمی نەجمەدین كەریم بەشێوەیەكی كاتی لە هەرێمی كوردستان دەنێژرێت
نەجمەدین كەریم، پزیشكی بواری نەشتەرگەریی سیستەمی دەماربوو، لە زانكۆ پێشكەوتووەكانی ئەمەریكا خوێندوویەتی، هاوڕێیەتی بارزانی و تاڵەبانی كردووە بۆ نەخۆشخانەكانی ئەمەریكا، كاتێكیش كەركووك كەوتە دەست هێزە كوردییەكان كرایە پارێزگاری ئەو شارە لە سەر پشكی كورد، هەرچەندە ئەندامی مەكتەبی یەكێتی بوو، بەڵام لە میدیاكانەوە تاوانبار دەكرا كە لەگەڵ سیاسەتی پارتی زۆرتر دێتەوە، دواجار لە سەرەتای مانگی ئۆكۆتبەری ئەمساڵ تووشی جەڵدە بووە لەیەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەمەریكا لە ژێرچاودێریی وردی پزیشكاندا بووە، تا سەرلەبەیانی ئەمرۆ 31 ئۆكۆتبەری 2020 كۆچی دوایی كرد.
نەجمەدین
عومەر کەریم پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە ساڵی ١٩٤٩ز لە گەڕەکی رەشیداوەی شاری کەرکووک لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە کەرکووک تەواو کردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پزیشکی گشتیدا لە زانکۆی موسڵ لە ساڵی ١٩٧١ز بەدەستھێناوە و دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ دەبێت بە پێشمەرگە.
ساڵی ١٩٧٦ کاتێک مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی پێشووی پارتی
دیموکراتی کوردستان نەخۆشدەکەوێت، نەجمەدین
کەریم کە ئەوکات پزیشکی تایبەتی بارزانی بوو، لەگەڵیدا دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و
دواتر ھەرلەوێ بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری نەشتەرگەری سیستمی دەماری لە زانکۆی جۆرج
واشینتۆن بەدەستدەھێنێت و ھەر لەوێ دەمێنێتەوە.
ئەندامی دەستەی کارگێڕی زانکۆی فلۆریدابووە کە چوارەم بەناوبانگترین
زانکۆیە لە ئەمریکایە. لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی ئەمریکا لەوانە نیویۆرک تایمزو واشینتۆن پۆست و لۆس ئانجلەس تایمزو چەند
ڕۆژنامە و گۆڤارێکی تر بۆچوونی خۆی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جیاوازی تایبەت بە عێراق دەربڕیوە. ساڵی ٢٠٠٩ بەیەکجاری دەگەڕێتەوە عێراق. لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، کە یەکێکە لە دوو
پارتە فەرمانڕەواکەی ھەرێمی کوردستانی عێراق، لە مانگی حوزەیرانی
ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.
لە دواین ھەڵبژاردنی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە (٧/٣/٢٠١٠) سەرۆکایەتی لیستی کوردستانی دەکرد لە پارێزگای کەرکووک و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق
بەدەستھێنا.
لە سەرەتای مانگی چواری
٢٠١١دا، بووە پارێزگاری کەرکووک کە دووەم پارێزگاری کەرکووک بوو لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و تا مانگی ١٠ی ٢٠١٧.
لەكاتی نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانییش نەخۆش دەكەوێت و دەبرێتە
ئەمەریكا نەجمەدین كەریم هاوڕێیەتی دەكات و بۆماویەكی زۆر لای دەمێنێـتەوە.
نەجمەدین كەریم پەیوەندییەكی زۆری لەگەڵ بەرپرسانی پێشوو و ئێستای
ئەمەریكیەكاندا هەبووەو تەنانەت پەیوەندییەكانیان هەندێكجار چووەتە قاڵبی پەیوەدنی
كۆمەڵاێەتی و بەشێك لە بەرپرسانی ئەمەریكی سەردانی ماڵەكەیان كردووە.
سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەهۆی جەڵتەی دەماغەوە بەسەختی
نەخۆش كەوت لە ژێرچاودێری توندی پزیشكی تایبەتیدا بوو لە واشنتۆنی پایتەختی
ئەمەریكا، چەند جارێكیش هەواڵی مردنی بڵاوكرایەوە بەڵام خانەوادەو نزیكەكانی
ڕەتیان كردووە ، تا كاتژمێر 11 ئەمشەو بەكاتی واشنتۆن (كاتژمێر 6 بەیانی بە كاتی
هەرێمی كوردستان) نوسینگەی تایبەتی خۆی هەواڵی مردنەكەی یەكلایی كردەوەو
ڕایانگەیاند لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەكەی دەهێننەوە كوردستان و تا ئەو كاتەی كەركووك
بەتەواوی لەدەستی پێشمەرگەدا دەبێت و پاشان تەرمەكەی دەردەهێننەوەو دەیبنەوە
كەركوكی زێدی.
ئەمەی خوارەوە دەقی بڵاوكراوەی نوسینگە تایبەتەكەی خۆیەتی.
يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ
رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً فَادْخُلِي فِي عِبَادِي وَادْخُلِي جَنَّتِي.
هاونیشتمانیانی ئازیز لە
کەرکوک و کوردستان ...
بە داخ و پەژارەیەکی
زۆرەوە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین، کە دوای نەخۆشکەوتنی لەچەند ڕۆژی رابردوو بەڕێز
دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری كەركوك،
ئێستا
رۆژی ھەینی کاتژمێر ١١ەی شەو بەکاتی ئەمریکا کۆچی دواییکرد. هاوکات ئاشکرای
دەکەین، کە لەسەر وەسیەتی خوالێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین کەریم تەرمی بەڕێزییان
دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکی کاتی لە كوردستان بە خاک دەسپێردرێت، تا
ئەو کاتەی شاری کەرکوك ئازاد دەکرێت و لە ژێر ئەمنیەت و ئارامی هێزەکانی
پێشمەرگەدەبێت ، بە شێوەیەکی هەمیشەیی دەبرێتەوە بۆ شاری کەرکوكی پیرۆز. بەڕێز
دکتۆر نەجمەین، پێش کۆچکردنی یەکجارەکی، ڕاسپاردەی ئەوەی بەجێهێشت، کە لەبەر
سەلامەتی وتەندروستی گشتی لە دۆخی ئێستای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هیچ جۆرە قەرەباڵەغی
و پرسەیەکی بۆ دانەنرێت. خانەوادەی دكتۆر نەجمەدین سوپاسی بێ پایانی خۆیان بۆ
هەموو لایەك دەردەبرن، کە لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی لە خەمی تەندروستی
خواڵێخۆشبوو دکتۆر نەجمەدین بوونە.
إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ
نووسینگەی خوالێخۆشبوو
دکتۆر نەجمەدین كەریم
٣١/١٠/٢٠٢٠