01:46 - 29/10/2020
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یەك مووچەی تر كۆتایی بە ساڵی 2020 دەهێنێت
هێشتا حكومەتی عێراق نەیتوانیوە بەشی مووچەی مانگێك پارە ئامادەبكات و دەستكراوە نەكراوە لە وەرگرتنی قەرز، گریمانەكانیش وان كە شەپۆلێكی دیكەی بێ مووچەیی روو لە هەرێمی كوردستان دەكات و لە باشترین حاڵەتدا تا كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم تەنها یەك مووچەی دیكە بە لێبڕینەوە دابەش دەكات و بەوپێیەش تەنها بە 5 مووچە بە لێبڕینەوە هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ساڵی 2020 دەهێنێت.
حكومەتی عێراق: توانامان نییە
مانگانە بۆ دابینكردنی مووچە و 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق پێویستی بە نزیكەی 7 ترلیۆن دینارە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان تا ئێستا حكومەتی عێراق كەمتر لە نیوەی ئەو بڕەی كۆكردووەتەوە و چاوی لەوەیە كە قەرزبكات تا دەستبكاتەوە بە دابەشكردنی مووچە.
ئەحمەد مەلا تەلال، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق راشكاوانە دان بەوەدا دەنێت كە بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتی وڵاتەوە، حكومەت ناتوانێت مووچەی مووچەخۆران دابەشبكات.
قەرزی ناوخۆیی
بەوپێیەی عێراق قەرزێكی زۆری دەرەكی لەسەر كەڵەكەبووە كە بڕەكەی 120 ملیار دۆلار زیاترە، ئاسان نییە لە ئێستادا بتوانێت قەرزی دەرەكی وەربگرێت، هەربۆیە چاوی لەوەیە سەرەتا بە وەرگرتنی قەرز لە ناوخۆدا خۆی لەو قەیرانە قوتاربكات كە تێیكەوتووە.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت: لیژنەكەیان لەگەڵ تیمێكی وەزارەتی دارایی كۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی نوێترین زانیارییەكان دەربارەی قەرز وەرگرتن و ئەو بڕە پارەیە بزانن كە وەك قەرز داواكراوە، دوای ئەوەی گۆڕانكاری لە داواكارییەكە دەكرێ، دەستبەجێ بڕیار لەسەر ئەو یاسایە دەدرێت، كە تایبەتە بە قەرز وەرگرتن، بەڵام لە شێوەی قەرزی ناوخۆیی دەبێت، چونكە عێراق توانای وەرگرتنی قەرزی دەرەكی نییە، بەو پێیەی كە قەرزێكی زۆری دەرەكی لەسەر كەڵەكەبووە، بۆیە ناچاری وەرگرتنی قەرز ناوخۆییە.
كۆتا مووچە لە هەرێمی كوردستان
لە ئێستادا لە مووچەی ساڵی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها مووچەی مانگەكانی 1+2+3+9ی دابەشكردووە و بەر لە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 بڕیاردرا كە مووچەی مانگەكانی 4+5+6+7+8 رابگیرێت، واتا حكومەتی هەرێم تەنها 4 مووچەی ئەمساڵی دابەشكردووە، بۆ ئەمەش دوو مانگیان پشتی بە هاوكاری مانگانەی عێراق بەستووە كە بڕەكەی 320 ملیار دینار بووە ئەوەش لەبەر رۆشنایی رێككەوتنێكی تەلەفۆنی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە ئێستاشدا كە بەغداد خۆی لە قەیراندایە بەدوور نازانرێت كە نەتوانێت بەردەوام بێت لە رەوانەكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و ئەگەر بەردەوامیش بێت ئەوا بەپێی رێككەوتنە تەلەفۆنییەكەی هەردوو سەرۆك وەزیران تەنها یەك پشكی دیكە رەوانە دەكات و پێویستە لەگەڵ بودجەی ساڵی 2021دا هەولێر و بەغداد لەسەر میكانیزمی دیكە رێكبكەون.
بەبڕوای شارەزایان ئەگەر بەغداد پارە بنێرێت ئەوا هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ تەنها دەتوانێت یەك مووچەی دیكە بە لێبڕینەوە دابەش بكات و ئەگەر نەشینێرێت هیچ گرەنتییەك نییە بتوانێت ئەو مووچەیەش دابین بكات، كەواتە لە باشترین حاڵەتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یەك مووچەی تر كۆتایی بە ساڵی 2020 دەهێنێت و بەوپێیەش لە كۆی مووچەی ئەمساڵدا حكومەت تەنها 5 مووچە دابەش دەكات كە 4 مووچەیان بە لێبڕینەوە بووە.