04:27 - 28/10/2020
هەرێمی كوردستان توانای روبەروو بوونەوەی كۆرۆنای نامێنێت
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، رەوشی كۆرۆنا بەجۆرێكە كە ئەگەر وەك ئێستا بەردەوام بێت هەموو نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی و بگرە هەرێمیش تایبەت بكەیت بەنەخۆشی كۆرۆنا بەحكومیش و ناحكومیشەوە ڕەنگە نەتوانێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكات.
د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی فەرمی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: دۆخەكە بەشێوازێكە هەموو نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی و بگرە هەرێمیش تایبەت بكەیت بە نەخۆشی كۆرۆنا بە حكومیش و ناحكومیشەوە ڕەنگە نەتوانێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكات.
وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشداوە كە ماڵ نەماوە كەسێكی توشبووی كۆرۆنای تێدانەبێت لەبەرئەوە ڤایڕەسەكە بڵاوە و چڕیەكەی زۆربووە.
بە وتەی نەقشبەندی، خاڵێكی تر كە زۆر گرنگە هاوڵاتیان تەواو پابەندی بن لەئێستادا چارەسەرە، پێشتر كە كەسێك پێی دەوترا توشی كۆرۆنا بویت یان هەڵگری ڤایڕەسی كۆرۆنایت بەگومان بوو لەوەی كە نیشانەی هەبێت، خۆی كەرەنتینە دەكرد و بە جێبەجێكردنی ڕێنمایی زۆر سادە دەیتوانی دۆخەكە بەئاسانی تێپەڕێنێت بەڵام ئەوەی كە ئێستا دەبینرێت هاوڵاتیان سەرەڕای ئەوەی كە دەزانن هەڵگری ڤایڕەسەكەن یان نیشانەی بەگومانیشیان هەیە دێنە ناو خەڵك و دەگەڕێن. سروشتی هەر نەخۆشیەك وایە ئەگەر لەسەرەتای دەركەوتنی نیشانەكانیەوە ، پابەندی ڕێنماییەكانی چارەسەر بیت بەئاسانترین شێوە دەتوانرێت دۆخەكە تێپەڕێنرێت بەڵام پێچەوانەكەی بێگومان وا دەكات نیشانەكانی لەسەر قورس بێت ڕەنگە واشبكات كە كەسانی تریش تووش بكات."