کوردستان

01:49 - 06/01/2019

هۆڵه‌ندا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موفتییه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌كات‌

پەیسەر

حكومه‌تی هۆڵه‌ندا ئاشكرایكردووه‌ كه‌ په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێدوانه‌كانی كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی توركی ئیسلامی كه‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانه‌، كردۆته‌وه.چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ گووتوویه‌تی" ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ بكوژرێت كه‌ نه‌یاری ده‌سه‌ڵاتی توركیایان."

به‌ پێی هه‌واڵی ئاژانسه‌كانی جیهانی، سه‌رۆكی زانكۆی ئیسلامی له‌ رۆته‌ردامی هۆڵه‌ندا ئه‌حمه‌د ئاكگویندوز كه‌ ناسراوه‌ به‌ "موفتیه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان" له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا بۆ كه‌ناڵی (‌ Akit tv) توركی گوتوویه‌تی" دوژمنانی ده‌وڵه‌تی توركیا (ئه‌وانه‌ی هاوسۆزن له‌گه‌ڵ فه‌تحوڵا گویله‌نی بانگخواز) ده‌بێت سزای له‌ سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان خاوه‌نی خودا په‌رستی و پیاوچاكانیش بن." هه‌مان لێدوانی موفتیه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان ڕۆژنامه‌ی(Zaman)ی توركیش گواستیه‌وه‌ سه‌ر ڕووپه‌ڕی رۆژنامه‌كه‌ی.

ئاكگویندوز بۆ پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی قسه‌كانی سوره‌تی(ئه‌لحجرات)ی له‌ قورئانی پیرۆزهێنایه‌وه‌، كه‌ به‌ پێی قورئانی پیرۆز ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ بكوژرێن كه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌رچوون.

له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت" جه‌ماعه‌تی فه‌تحوڵا گویله‌ن له‌ ڕابردوودا چیان پێشكه‌ش كردووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ كوده‌تاكه‌ی 15ی ته‌مموز كردیان ئه‌وه‌یان ده‌رچوون بووه‌ له‌ فه‌رمانی فه‌رمانڕه‌وایان به‌ پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی."

لای خۆییه‌وه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هۆڵه‌ندا ئه‌نگرید ڤان ئه‌نگلسهۆڤن هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ده‌بێت ئه‌و زانكۆیه‌یی ئه‌حمه‌د ئاكگویندوز سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، متمانه‌ی لێ بسه‌نرێته‌وه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت"ئه‌و لێدوانانه‌ ترسناكن، لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنرێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ ڕوون بكرێته‌وه‌ بۆچی وایگوتووه‌ و بڕیار بدرێت له‌وه‌ی چۆن ده‌بێت سه‌رۆكی زانكۆیه‌ك وا بڵێت، ئێمه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لیژنه‌كه‌ بین."

ڕۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی نووسیوویه‌تی" ئه‌حمه‌د ئاكگویندوز ئه‌وه‌ی بیرچۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ستگیكردن و نانبڕاوكردن، بێ خانه‌وجێكردنی هه‌ڕه‌مه‌كی، زیاتر له‌ 60 هه‌زار كه‌سی گرته‌وه‌، له‌ نێوانیاندا 18 هه‌زار ژن هه‌بوو كه‌ ژنانی دووگیانیان له‌ نێواندا بوو، نزیكه‌ی 713 منداڵ، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان و داخستنی میدیاكان.ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌ په‌یڕه‌وكرا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ئاینی و یاسای هه‌بێت."

ئه‌حمه‌د ئاكگویندوز یه‌كه‌مین جار نییه‌ به‌و جۆره‌ لێدوانه‌كانی مشتومڕ بنێته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا جنێوی به‌هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌ردۆگان ده‌گرن و كورده‌كانی توركیای به‌ "سه‌گ" ناوبرد.