06:34 - 05/01/2019
ئەردۆغان لەرێگەی بەرهەم ساڵحەوە پەیامێكی ئاراستەی یەكێتی كردووە
توركیا لەرێگەی بەرهەم ساڵحەوە پەیامێكی ئاراستەی یەكێتی كردووە و داوای لێكردووە خۆی لە پەكەكە و شۆرشی رۆژئاوای كوردستان بەدووربگرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، پەیامێكی ئاراستەی یەكێتی كردووە و تێیدا داوای كردووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان خۆی لەهاوكاریكردنی پەكەكە و شۆرشی رۆژئاوای كوردستان بەدووربگرێت.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: هەنگاوی دواتر دەبێت یەكێتی ببێتە بەشێك لەشەڕی دژی پەكەكە كە ئەنكەرە بەشەری دژی تیرۆر وەسفی كردووە، ئەوەش لەپێناوی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی پەیوەندی یەكێتی و توركیا و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ و گەرانەوەی نوێنەری یەكێتی نیشتمانی بۆ ئەنكەرە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەردۆغان لەكۆبونەوەكەیدا رایگەیاندووە، بەڵگەی پێویستیان هەیە كە یەكێتی هاوكاری پەكەكەی كردووە.
هەروەها بەرهەم ساڵح داوای لەئەردۆغان كردوووە بەزوترین كات گەشتی فرۆكەخانەكانی توركیا بۆ فرۆكەخانەی سلێمانی دەست پێبكاتەوە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بەرهەم ساڵح سەردانی توركیای كردوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆبۆوە.