06:00 - 05/01/2019
ئێران بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دێتە سەر هێڵ
ئێران بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێتە سەر هێڵو بۆ ئەو مەبەستەش فشار لەپارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانی دەكات.
نزیكەی 100 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو نزیكەی 60 رۆژیشە پەرلەمانتارانی كوردستان بۆ خولی نوێ سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام تائێستا ئاماژەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دیارنییە.
پرسی دیارنەبوونی ئاماژەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، پەیوەندی بەبێ ئەنجامی گفتوگۆكانی پارتیو یەكێتی وەك براوەی یەكەمو دووەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردوو هەیە، كە ئەوە لایەنی ئێرانی لەهەرێم نیگەران كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارو بەرپرس دراوە بەپەیسەر پرێس، لایەنی ئێرانی لەئێستادا بۆ ئەو پرسە هاتووەتە سەر هێڵو دەیەوێت دەستوەردان بكات لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم.
هەر بەپێی زانیارییەكان هاتنە سەر هێڵو دەستوەردانەكانی لایەنی ئێرانی بەو ئاراستەیە دەبێت، كە پارتیو یەكێتیو لایەنەكانی تریش پەلە بكەن لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، بۆ ئەوەی پێكهێنانی زیاتر دوانەكەوێت.
لەو بارەوە نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران بۆ پەیسەر پرێس وتی: ئێران لەگەڵ ئەوەیە زوو حكومەتی هەرێم پێكبێت، ئەوەش لەرێگەی رێككەوتنی لایەنەكانەوە.
نازم دەباغ گوتیشی: لایەنی ئێرانی لەرێگەی پەیوەندی حیزبەكان بەردەوام لەسەر خەت بووە، تا زیاتر پەلە بكەن لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، بۆ ئەوەش پەیامی ئاراستەی لایەنەكان، بەتایبەتی پارتیو یەكێتی كردووە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئێران ترسی هەیە، كە پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێم قەیران لەناوچەكە دروست بكات، بۆیە بەنیازە لەمەودوا فشار بخاتە سەر پارتیو یەكێتیو گفتوگۆكانیان بۆ ئەو مەبەستە بەئەنجام بگەیەنن.
پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان بە 45 كورسی، چەند گەڕێكی گفتوگۆی لەگەڵ یەكێتی وەك براوەی دووەمی هەڵبژاردن بە 21 كورسی ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی نەچوونە ژێر باری داواكارییەكانی یەكتر، هەوڵەكانی هەردوو حیزب تائێستا بێ ئەنجامبوون.