کوردستان

05:10 - 05/01/2019

كه‌ركوك: حەشدی شەعبی لەفڕۆكه‌خانه‌ی كەیوەن دەكشێتەوە‌

پەیسەر

حەشدی شەعبی لەسەربازگەی كەیوەنی كەركوك دەكشێتەوە و ئەمریكاش لەباره‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ بۆ تكریت داواكاریەكی هەیە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەتەواوەتی لەسەربازگەی كەیوەنی شاری كەركوك كشاونەتەوە و ئەو هێزانەی پێشتر لەوێ جێگیركرابوون رەوانەی شاری تكریت كراون.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت: ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لەحكومەتی عێراق كردووە ئەو هێزانە لە تكریت جێگیرنەكات بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی دروستكردنی حەساسیەت لەنیوان شیعە و سوننە و سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكرد داواكاریەكەی ئەمریكا بەهۆی ئەوەوەیە كە زۆرینەی ئەو هێزە شیعە مەزهەبن و شاری تكریتیش بە ناوچەیەكی بەهێزی سوننەكان و رەمزی رژێمی پێشوو دادەنرێت.
سەبارەت بەهۆكاری كشانەوەی هێزەكانیش سەرچاوەكە دەڵێت: پێدەچێت پەیوەندی بەداواكاری كورد بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوكەوە هەبێت، چونكە دوای ئەو سەربازگەیە هێزەكانی حەشدی شەعبی تەنها لەسەربازگەی خالید ماون.
لای خۆیەوە جەودەت عەساف وتەبێژی حەشدی شەعبی لەكەركوك بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: فەوجێكی پاسەوانی فەرماندەیی پێشووی دژەتیرۆر لەكەیوەن بووە و دوای گۆڕینی مەعن سەعدی فەرماندەی دژەتیرۆر بە حەیدەرعوبێدی فەوجی پاسەوانی فەرماندەیەكەی لەكەیوەن كشاونەتەوە و تائێستاش هیچ هێزێكی ئەمریكی نەهاتۆتە ئەو بنكە سەربازیە.