کوردستان

03:16 - 05/01/2019

له‌دژی لاهور شێخ جه‌نگی نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌كرێت‌

پەیسەر

بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، دژی كاره‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی و كاری سیاسی ئه‌و به‌رپرسه نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس گه‌یشتووه‌، بەشێك لەئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دژی لاهورشێخ جەنگی نامەیەكیان ئاراستەی مەكتەبی سیاسی  حزبەكەیان كردووە و تیایدا تێكچوونی پەیوەندیەكانی حزبەكەیان لەگەڵ پارتی، دەخەنە ئەستۆی ئەو بەرپرسە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ئەندامانە ئۆباڵی تێكچوونی پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتیان خستۆتە ئەستۆی لاهور شێخ جەنگی، پێشیان وایە هۆكاری دەستگیركردنی كادیرەكانی یەكێتی لەهەولێر بەهۆی رەفتارەكانی لاهور شێخ جەنگیەوەیە، دەشڵێن دەبێت مەكتەبی سیاسی سنورێك بۆ دەسەڵاتەكانی دابنێت.

بەپێی ئەو زانیاریه‌كان لەنامەیەكدا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند دەڵێن، نیگەرانن لەهەژمونی نایاسایی لاهورشێخ جەنگی بەسەر دەزگای ئاسایشی سنوری ئیدارەی پێشووی سلێمانی و دەزگاكانی راگەیاندنی یەكێتی.

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی داواشیان كردووە حزبەكەیان بەبەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو قۆناغە هەستیارە بكات و هەوڵ بدات رێگەی ئاشتیانە بۆ چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ پارتی بگرێتە بەر و خۆی لەهەر ئاڵۆزتركردنێكی زیاتری دۆخەكە بەدووربگرێت.

لاهورشێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و برازای جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیە.