کوردستان

04:47 - 03/01/2019

ئامانجی سه‌ردانی به‌رهه‌م ساڵح بۆ توركیا‌

پەیسەر

بەرهەم ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر سه‌ردانی توركیا كردووه‌، هەوڵیشدەدات گەشتی فرۆكەخانەی سلێمانی بۆ توركیا دەست پێ بكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەكاتی سەردانەكەیدا گفتوگۆ دەكات، له‌سه‌ر بارودۆخی سوریا و عێراق و توركیا و هەوڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان له‌و باره‌وه‌ ده‌دات.

به‌پێی زانیارییه‌كان توركیا بۆ نێوەندگیری پرۆژەیەكی ئامادەكردووە و بڕیارە رادەستی بەرهەم ساڵحی بكات.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەرهەم ساڵح له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا پەیامێكی یەكێتی ئاراستەی توركیا دەكات كە دەیانەوێت هاوسەنگی لەنێوان پارتە كوردیەكانی سوریا رابگرن و لەلایەكی تریشەوە بەلایانەوە گرنگە پەیوەندیەكی بەهێزیان لەگەڵ توركیا هەبێت.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، تەوەری دووەمی گفتوگۆكانی بەرهەم ساڵح لەتوركیا پەیوەندی بەگفتوگۆ لەسەر دۆخی كەركوك و پارێزگاری ئەو شارەوە هه‌یه‌ و دەیەوێت توركیا فشار بخاتە سەر پارتی بۆئەوەی بەدانانی پارێزگارێكی یەكێتی رازی بێت، هەروەها بەرهەم ساڵح داوا لەئەردۆغان دەكات بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی و گەیشتن بەرێككەوتن  رۆڵی خۆی بگێریت.
له‌باره‌ی ته‌وه‌ری سێیه‌مه‌وه‌ به‌ پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، تەوەری سێەم پرسی پێكهێننانی كابینەی حكومەتی هەرێم و و دۆخی ناوخۆی كوردستان دەبێت، هه‌روه‌ها داوای دەستپێكردنەوەی گەشتی فرۆكەخانەكانی توركیا بۆ سلێمانی دەكات.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكرد پێدەچێت بەرهەم ساڵح داوا لە وەزیری دەرەوەی توركیا بكات بۆ چارەسەری كێشەكان سەردانی بەغداد و هەولێر بكات.