03:10 - 26/08/2020
ئهمهریكیهكان پشتیوانی له گفتوگۆكانی نێوان ههولێر و بهغداد دهكهن
دوێنێ سێ شەمە، 25 / 8 / 2020 کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم کوردستان، بەتەلەفۆن
لەگەڵ مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێم ، بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و
ناوچەکەیان تاووتوێکرد. لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا ڕۆب واڵەر کونسوڵی
ئەمریکا لەگەڵ مستەفا سەید قادر ، جێگری سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد کە ئامادەی
پشتیوانی و هەماهەنگی بەردەوامن لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسەکانی
نێوانیان بەگشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەتی.
هیوادارن ڕێکەوتنێکی
بەردەوام و هەمیشەیی لەسەر بنەماکانی دەستور لە عێراقدا هەبێت کە زامنی پاراستنی
مافەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان بکات.
مستەفا سەید قادر سوپاسی
کونسوڵی ئەمریکای کرد کە لە ڕابردووشدا هەوڵیان داوە بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی
نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەوڵی ئەمریکای بۆ سەرخستنی دیالۆگی وەفدی عێراق و
هەرێم لە واشنتۆن بە باش نرخاند.
لەو پەیوەندیە
تەلەفۆنیەدا، باس لە پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کرا و کونسوڵی
ئەمریکا هیوای خواست کە لایەنە کوردیەکان پێکەوە دابنیشن و پەیوەندیەکانیان
توندوتۆڵتربکەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێم.
مستەفا سەیدقادر
جەختیکردەوە کە ئەوان چ لە سەرۆکایەتی هەرێم و چ وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەمیشە بۆ پاراستنی
ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێو کۆمەڵگە چالاکانە هەوڵ دەدەن تاوەکو پەیوەندی هێز و
لایەنە سیاسیەکان بەرەو ئاستی باشتر ببرێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک و جێبەجێکردنی
کارنامەی خزمەتگوزاری حکومەت و ئەنجامدانی چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی
رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی دامەزراوەیی، لەو پێناوەشدا
لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسەکان کۆبونەتەوە و سەرباری ئەو مەسەلانەش، پرسی موچە و
بازاڕ و ئاستی گوزەرانی خەڵک باسی لێوە کراوە تاوەکو دەرەچەیەک بدۆزرێتەوە بۆ
چارەسەری ئەم پرسانە.
ڕۆب واڵەر سەرباری
خۆشحاڵی خۆی بە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە بەڵێنیدا هاوکارییەکانیان زیاتر بکەن بۆ
ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بە تایبەت هاوکاری نەخۆشخانەی تەندروستی پێشمەرگە. لەتەوەرێکی تری پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا باس لە
هێنانی کۆمپانیا ئەمریکیەکان کرا بۆ هەرێم، جێگری سەرۆکی هەرێم، سوپاسی ئەو
دەستپێشخەرییەی کرد و داوایکرد لەو ناوچانەی کار دەکەن هاوکاری خەڵکی ناوچەکە بکەن
بەدروستکردنی نەخۆشخانە و خوێندگە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە، وەک بەشێک لە
بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە ئەستۆی دەگرن.
ئەم کارە یارمەتی
بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچەکان دەدات و هەلی کار بۆ خەڵکەکەی دەرەخسێنێت.