11:24 - 03/01/2019
پارتی به نیازی جێبهجێكردنی پلانی (B)يه
پارتی دیموكرارتی كوردستان وادەیەكی چەند رۆژەی بۆ یەكێتی نیشتمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دادەنێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو حیزبە نەیەتە پێشەوە ئەوە پلان (B) جێبەجێدەكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەپەیسەرپرێس، لەچەند رۆژی داهاتوو گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەنێوان لایەنەكان دەستپێدەكات، كە ئەو گفتوگۆیانە یەكلاكەرەوە دەبن.
هەر بەپێی زانیارییەكان بۆ ئەو مەبەستە شاندی پارتی لەگەڵ شاندی یەكێتی كۆدەبنەوەو داوای هاتنە پێشەوە لەو حیزبە بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەن، بۆ ئەوەش وادەیەكی پێنج رۆژی دیاریدەكرێت.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە پارتی لەدوای دیاریكردنی وادە 5 رۆژییەكە بۆ یەكێتی، ئەگەر ئەو حیزبە بۆ پێكهێنانی حكومەت نەهاتە پێشەوە، ئەوە پلان (B) بۆ پێكهێنانی حكومەت دەگرێتە بەر.
پارتی بە 45 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی رابردوو بوو، كە دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی براوەی دووەمی هەڵبژاردن بە 21 كورسیو بزووتنەوەی گۆڕان وەك براوەی سێیەم بە 12 كورسی حكومەت پێكبهێنێت.
لەئێستادا گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی بێ ئەنجامبووە، بۆیە ئەگەر لەم گەڕە نوێیەی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامی نەبێت، ئەوە پەنا بۆ جێبەجێكردنی پلان (B) بۆ پێكهێنانی حكومەت دەبات.
پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، كە پلان (B) پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوە دەبێت، بەبێ یەكێتیو بەرێككەوتن لەگەڵ گۆڕانو پێكهاتەو لایەنەكانی تر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت واژوو دەكاتو پۆستەكانی یەكێتی بە بەتاڵی دەهێڵێتەوە، تا ئەو لایەنە بڕیاری چوونە حكومەت دەدات.
لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی ئەنجامی نەبووە، بەڵام گفتوگۆی ئەو لایەنە لەگەڵ گۆڕان هەنگاوی باش چووەتە پێشەوەو رەنگە كۆبوونەوەی داهاتوو ئەو دوولایەنە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.