01:57 - 20/08/2020
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر رەوشی هەرێم
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژایەتی خۆی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێك لەبارەی بڕینی بەشێك لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە و داوا لە حزبەكەشیان دەكەن كە لە بەشداری بێ كاریگەری دەسەڵات بكشێنەوە و لەرێگەی رێكارە ناوخۆییەكانی خۆیانەوە بزوتنەوەكەیان بگەڕێننەوە بۆ بەرەی داكۆكیكردن لە مافی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق:
هاونیشتیمانییانی ئازیز..
وا بۆ جارێكی تر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ناردنی 320 ملیار دینار لە بەغدا و سەرباری فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەك دینار و یەك بەرمیل نەوت بۆ بەغدا، جارێكی تر دوای دواكەوتنی زیاتر لە چل ڕۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
هەمو ئەمانەش لە كاتێكدایە كە تا ئێستا نە داهاتی نەوت، نە داهاتی ناوخۆی هەرێم (داهاتی دەروازە سنورییەكان و باج و رسومات) شەفاف نین و، بەپێی زانیارییەكانمان هەریەك لەم داهاتانە زۆر زیاترن لەو بڕەی ڕاگەیەنراوە.
دەسەڵاتی هەرێم بە هۆی بەردەوام بونی لە هەنگاوە چەوتەكانی رابردوی نەك هەر ناتوانێ ئەركەكانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان جێبەجێ بكات، بەڵكو پێگەی سیاسی و دەستوریی هەرێمی لە عێراق و بەرامبەر دراوسێكانی تا ئاستی وابەستەیی لاواز كردوە. دڵنیاشین بەم شێوەی ئێستای و بێ راست كردنەوەی هەڵە كوشندەكانی، هەرێم ناتوانێ ڕێكەوتنێكی دور مەودا و یەكجاری لەگەڵ بەغدا بكات كە لە بەرژەوەندیی خەڵك دابێ.
ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەكەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شكستخواردوەی هەرێم و دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەكانێتی لەناو حكومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵكەكەی دەسەڵاتی هەرێم.
ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلیدی كردنەوەی كەرەستەكانی حیزبایەتی و گوتارە رەسمییەكەی و چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بوەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەكی گەورەی جەماوەری ناڕازی كە جاران پشتیوانی سەرەكی بون لێی. هەمو ئەمانەش بونەتە هۆی ئیحراجییەكی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان.
ئەمانە هاوكاتن لەگەڵ داخورانی شەرعییەتی دامەزراوەكانی بڕیاردانی گۆڕان لە ئەنجامی دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و كۆنفڕانسی نیشتیمانیی گۆڕان.
لێرەوە و لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر خەڵكی كوردستان و جەماوەری ناڕازی و گۆڕانخوازان، داوا دەكەین كە:
1. بە زوترین كات گۆڕان لەم بەشدارییە بێكاریگەریەی لە دەسەڵات بكشێتەوە و روبكاتەوە جەماوەرەكەی و، لەگەڵ سەرجەم هێز و كەسایەتییە چاكسازیخوازەكانی دیكەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بكەنەوە.
2. بە زوترین كات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بكرێنەوە. هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی كۆنفڕانسی نیشتیمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، گۆڕان كێشە گشتی و تایبەتییەكان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێكی تر بە گوڕوتینێكی نوێوە درێژە بە ئەركە سەختەكانی لە هەرێمی كوردستان بدات.
بەپێچەوانەوە و گوێنەگرتن لەو داواكاریانە كە بە دیدی ئێمە داواكاریی زۆرینەی هەرە زۆری بنكەی جەماوەریی گۆڕان و شەقامە، لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەمانگەیەنێتە بنبەست.
جەماوەر ی گۆڕانخوازی خۆشەویست..
ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان هەمومان بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەكانی 2018 بۆ بەدەستهێنانی متمانەتان داومانە و، دژی هەر لادانێك دەبین لە پرەنسیپە بنچینەییەكانی گۆڕان بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی كەرامەتمەندانە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و، بەردەوامین لەسەر ئەو ئامانج و بەڵێنانەی كە لە سەرەتاوە گۆڕان بە خەڵكی كوردستانی داوە.
فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
20/ 8/ 2020