کوردستان

11:08 - 19/08/2020

به‌ نیشتمانی كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ گفتوگۆی نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و به‌ریتانیادا‌

پەیسەر

یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوونی هێزیی حیزبییه‌و یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و سه‌رده‌میانه‌و له‌ژێر چه‌تری حكومه‌تدا كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شانه‌ی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش هێشتا تارمیایی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیان به‌سه‌ره‌وه‌ لانه‌چووه‌و به‌ته‌واوی نه‌بوونه‌ته‌ سوپایه‌كی نیزامی و له‌ژێرفه‌رمانده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دابن.

بوونی هێزه‌كانی 70 و 80 و ئه‌وانی دیكه‌ش واته‌ به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه‌، ئه‌م دۆسیه‌یه‌ به‌رده‌وام جێگه‌ی سه‌رنجی وڵاتانی هاوسۆزو پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێم بوون و له‌ زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانیاندا تیشكیان خستوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌و به‌ڵام تا ئێستا به‌جدیی هه‌نگاوی بۆ نه‌نراوه‌ گه‌رچی له‌ میدیا و به‌ڕواڵه‌ت  كه‌سی ڕێگریی ناكات، زۆرینه‌ی به‌رپرسانیش كاتێك ده‌چنه‌ن ناو ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و باسه‌وه‌ ده‌ڵێن ئه‌و كاره‌ هه‌روا ئاسان نیه‌.

مسته‌فا سه‌ید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا و ڕاوێژکاری سەربازی ئەو وڵاتە له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕاوبۆچوونیان گۆریوه‌ته‌وه، مێڵ سمارت جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا و ستیڤ پەکەرینگ ڕاوێژکاری سەربازی ئەو به‌ بێ په‌رده‌و ڕاسته‌وخۆ له‌باره‌ی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆچوونه‌كانیان تاووتوێ كردووه‌، له‌و  لە کوبونەوەیەدا باس لە بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوه‌،  جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بەوردی باس لە بارودۆخی هێزەکانی پێشمەرگە و چۆنیەتی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستی ئەو هێزانه‌ كردووە ، ئاماژەی بەوەش کردووه‌ کە ئەوان بەردەوام لەهەوڵدان بۆ بە دامەزراوەیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە و له‌و بواره‌شدا هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌مووان كاریگه‌ریی ده‌وڵه‌تانی دۆست و به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا ده‌زانن بۆیه‌ داوای لە جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ چاکسازی و بەدامەزراوەیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە.

داوای لە جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا کرد هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ چاکسازی و بەدامەزراوەیی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە

ناوبراو جگه‌ له‌وه‌ی له‌ ئێستادا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، پێشتر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بووه‌و ئه‌زمونێكی زۆری له‌ بواری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كودستاندا هه‌یه‌، هەر لەو سەروبەندەشدا كە ساڵێك و چەند مانگێك لە بەرپرسیارێتی وەزیری پێشمەرگەدا بوو، لەپاڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەناو جەنگی دژی تیرۆردا بوو، بەڵام پرۆژەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەكرا بۆ دروستكردنی چەند لیوایەكی هاوبەشی پێشمەرگە دوور لە دەستێوەردانی حیزبی و هێزەكانی هاوپەیمانانیش تا ئاستی راهێنان و دابینكردنی بەشێك لە پێداویستییەكانی ئەو هێزانە ئامادەی هاوكاری بوون و پشتیوانیان دەكرد.

مێڵ سمارت سەرەڕای خۆشحاڵی خۆی بە پەرەپێدانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوپاتیکردەوە کە پشتیوانی هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانن بۆ چاکسازی لە ناو ئەو هێزانەدا. هەروەها ستیڤ پەکەرینگ ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان هەفتانە کۆدەبنەوەو جەختی کردەوە بەجدی چاودێری بەرەو پێشچونەکانی چاکسازی دەکەن لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ ئەو مەبەستەش ڕاپۆرتێکیان داوەتە حکومەت و لایەنە پەیوەنیدارەکان.

هێزەكانی هاوپەیمانان تا ئاستی راهێنان و دابینكردنی بەشێك لە پێداویستییەكانی ئەو هێزانە ئامادەی هاوكاریی بوون و پشتیوانیان دەكرد

چاكسازیی و به‌ دامه‌زراوه‌كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ده‌رهێنانی ئه‌و هێزانه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی حیزبدا و به‌كارهێنانیان بۆ پاراستنی خاكی هه‌رێمی كوردستان، داهاتوویه‌كی باشتر بۆ هه‌رێمی كوردستان بونیاد ده‌نێت و هیچ به‌رپرس و لایه‌نێكی پێشمه‌رگه‌ش نكولی له‌و ڕاستییه‌ ناكه‌ن، به‌ڵام پرسبار ئه‌وه‌یه‌ بۆ له‌و ماوه‌ دوور و درێژه‌دا ناچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ هه‌رجێگه‌ی پرسیار نیه‌و پێویستی به‌وه‌ڵامی بوێرانه‌و جدیی هه‌یه‌.