01:08 - 05/08/2020
بەرپرسێكی تەندروستی: دۆخی سلێمانی لە زۆرینەی شارەكانی عێراق باشترە
هێرش سەید سەلیم جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی
سلێمانی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند دۆخی كۆرۆنا بەراورد بە هەفتەی پێشوو زۆر باشترە، ئەم
شەپۆلە لە 15/6 وە تا 28/6 زۆر بەخێرایی و بەشێوەیەكی بەربڵاو تەشەنەی كرد، بەڵام دوای
ئەوە بەرەبەرە خاو بونەوەی بەخۆیەوە بینی لە رێك بوونەوەی ئامارەكان و تا ئەم ساتەوەختە
دابەزینێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
هێرش سەید سەلیم دەڵێت لە سلێمانی بەرگری گشتی دروست
بووە دژی كۆرۆنا، یەكێك لەو شتانەی ڤایرۆس دروستی دەكات بەرگریە كاتێك كۆی كۆمەڵگەیەك
توش دەبن بەرگری بەشێوەیەكی گشتی لەناو خەڵك زیاد دەكات، وە بەدیاریكراویش ئەو خەڵكانەی
لەناو بازار و شوێنە گشتیەكان كار دەكەن ئەوانەی بەركەوتەیان زۆرە لەگەڵ خەڵك، ئەگەر
ئەو خەڵكە زۆرتر توش بووبێت ئەوە بەرگریەكە باشتر بڵاودەبێتەوە، دیارە كە سلێمانی جگە
لەو ئامارانەی بەشێوەیەكی فەرمی تۆماركراون لەناو سەنتەر و نەخۆشخانەكەكان، بەشێكی
زۆر زۆر زیاتری ئەوانەن كە بەبێ نیشانەن یان ئەوانەن كە لەماڵەكانی خۆیان جیاكراونەتەوە
و چارەسەریان وەرگرتووە، ئەمانەش دەبنەوە بەهەڵگر و بەرگری جەستەیان دروست دەبێت.
جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت
لەرابردوودا بەجۆرێك لە جۆرەكان ژیان لە سلێمانی ئاسایی ببۆوە بەوپێیەی مەرزەكان كرانەوە
و هاتوچۆی هاوڵاتیان لەرێگەی فرۆكەخانەكانەوە هەبوو، رێژەیەكی زۆری گەشتیار هاتنە ناوچەی
سلێمانی، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا خەڵك پابەندە بە تاك پارێزیەوە، بەڵام بڕیارەكانی هەرێم
مەركەزین و وەزارەتی ناوخۆ بەیاننامەیەكی بڵاوكردۆتەوە
بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە كە گشتێندراوە بەسەر هەموو پارێزگاكان بەڵام پارێزگاكان
دەسەڵاتیان پێدراوە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بەیاننامەیە دەكەن.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی سلێمانی دەڵێت بەدڵنیاییەوە
بارودۆخی تەندروستی سلێمانی جیاوازتر و باشترە لە هەموو شارەكانی تر، باشترە بەهۆی
ئەوەی ئەو شەپۆلەی لە شوێنەكانی تر هەیە پێشتر سلێمانی ئەو شەپۆلەی بەخۆیەوە بینیوە
و ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە، وە جیاوازتریشە چونكە ئێمە سنوری فراوانترمان لەگەڵ ئێران
هەیە و بەریەككەوتنمان لەگەڵ ناوەراستی عێراق نزیكترە، سنوری پارێزگای سلێمانی هاتوچۆی
گەشتیاری و بازرگانی زیاتری لەسەرە.
هێرش سەید سەلیم دەڵێت سلێمانی لەئێستادا لە زۆربەی
پارێزگاكانی تری عێراق و هەرێمی كوردستان باشترە لەڕووی كۆرۆناوە، سەبارەت بە دەستپێكردنی
تاقیكردنەوەی خولی دووەم، جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوایكرد جێبەجێكردنی
رێنمایەكان و خۆپارێزی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شەپۆلەی ئێستا بەو خاویەی
هەیە بهێڵینەوە و جارێكی تر بەرزنەبێتەوە.
سەبارەت بە دەرمانە ڕووسیەكە دكتۆر هێرش دەڵێت ئەو
دەرمانە دژە ڤایرۆسە بەڵام ئەو دژە ڤایرۆسانە هەموویان وەك یەك كار ناكەن لەسەر هەموو
نەخۆشێك، رەنگە كاریگەری لەسەر هەندێك نەخۆش دروست بكات و بەڵام كاریگەری لەسەر نەخۆشێكی
تر نەبێت، ئەم دەرمانە لەسلێمانی بەكاردەهێندرێت و لەسەر رێژەیەكی باش لە نەخۆش كاریگەری
هەبووە، بەڵام هەندێك نەخۆش پێویستیان بە چارەسەری زیاتر دەبێت كە تەنانەت ئەم حەبە
ڕووسیەش كاریگەری نابێت لەسەری.