کوردستان

11:21 - 02/01/2019

په‌یسه‌رپرێس سیناریۆكانی پارتی بۆ پێكھێنانی حكومه‌ت ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، دوو سیناریۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هه‌رێم ئامادەكردووە و لەگەڕی داهاتووی دانوستانەكان دەیخاتە بەردەم یەكێتی.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس له‌مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دەستی كەوتووە، ئەو حزبە دوو سیناریۆی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت ئامادەكردووە.

به‌پێی زانیارییه‌كان، لەسیناریۆی یەكەمی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆسته‌كان به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی و جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی ( یان جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ گۆڕان و جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی).

هه‌روه‌ها سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگری یەكەم بۆ كۆمەڵ و جێگری دووەم بۆ گۆڕان یان بەرەی توركمانی، لەو سیناریۆیەشدا یەكێتی چوار وەزارەت وەردەگرێت..
به‌پێی زانیارییه‌كان، سیناریۆی دووەم ئه‌وه‌یه‌، ئەگەر یەكێتی سوربوو لەسەر وەرگرتنی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان، ئەوە سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم دوو جێگریان دەبێت.

له‌م سیناریۆیه‌شدا، سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی و جێگری یەكەمی سەرۆكی حكومەت و جێگری یەكەمی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی و جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم و جێگری دووەمی سەرۆكی حكومەت بۆ گۆراِن و سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆمەل و جێگری دووەم بۆ گۆڕان یان بەرەی توركمانی.

پارتی به‌نیازه‌ لەسیناریۆی دووەمدا، یەكێتی لەبری چوار وەزارەت، تەنها یەك وەزارەت یان دوو وەزارەتی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم پێ بدرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رازی نیە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دوو جێگری هەبێت ئەوەشی بەپارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە.