01:56 - 04/08/2020
پەیسەرپرێس خاڵەكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد و زانیارییەكانی پشتی پەردە ئاشكرادەكات
هەفتەی داهاتوو وەفدی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بەغداد، گەڕانەوەی ئەمجارەیان دەشێ جیاوازتربێت لە سەردانەكانی پێشتریان بەوپێیەی كە ئەمریكا فشارەكانی چڕكردووەتەوە و كڵێشەی رێككەوتنەكە ئامادەیە، نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان یان نابێت بچن بۆ بەغداد یان دەبێت بۆ واژۆكردنی رێككەوتنەكە بچن.
رێككەوتنەكە چۆنە؟
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، هێڵە گشتییەكانی رێككەوتنەكە بڕاونەتەوە كە خۆی لە رادەستكردنی بەشێك لە نەوت و بەشێك لە داهاتی ناوخۆدا دەبینێتەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەردا حكومەتی ناوەندی مانگانە بەپێی داهات و نرخی نەوت بڕێك پارە رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات و شایستە داراییەكانی پێشمەرگەش لە ئەستۆ دەگرێت بەجۆرێك:-
حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 250.000 بەرمیل نەوت رادەست دەكات
حكومەتی هەرێمی كوردستان 50%ی داهاتی ناوخۆ رادەست دەكات
لە بەرامبەردا
حكومەتی عێراق مانگانە 350 تا 400 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات بەپێی بەرز و نزمی نرخی نەوت.
حكومەتی عێراق شایستە داراییەكانی پێشمەرگە خەرج دەكات.
ئەوەی ئێستا یەكلایی بووەتەوە ئەوەیە كە چ هەرێمی كوردستان و چ حكومەتی ناوەندی عێراق لەسەر ئەو خاڵانە رێككەوتوون و كەم و زیاد ناكرێن، بەڵام میكانیزمی ماوە و لێكەوتەكانی رێككەوتنەكە هێشتا جێگەی گفتوگۆن و بڕیاری كۆتاییان لێنەدراوە، ئەوە جگە لە دۆسێی رێككەوتنی 50 ساڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا.
ناكۆكییەكان چین؟
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، چ ئەمریكا و چ حكومەتی عێراق دەیانەوێت ماوەی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تا كۆتایی تەمەنی حكومەتەكەی مستەفا كازمی بێت و ئەم دۆسێیە تا دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لەنێوان هەولێر و بەغداد نەكرێتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان نایەوێت بۆ ئەو ماوەیە رێككەوتن بكات و خوازیارە كە رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد تەنها بۆ ماوەی 6 مانگ بێت و دوای ئەوە جارێكی دیكە گفتوگۆ بكرێتەوە، تا ساتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە نە بەغداد لەو ماوەیەی كە دەستنیشانی كردووە هیچی كەم كردووەتەوە و نە هەولێریش لەو شەش مانگەی كە داوای دەكات هیچی زیاد كردووە.
دۆسێی رێككەوتنی 50 ساڵەی توركیا
پەیسەرپرێس زانیاری وردی هەیە، كە رێككەوتنی 50 ساڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كە بە ئێستاشەوە ناوەرۆكەكەی لە هەرێمی كوردستان نەزانراوە، یەكێكی دیكەیە لەو خاڵانەی لەنێوان هەولێر و بەغداد لەلایەك و بەغداد و ئەنكەرە لەلایەكی دیكەوە مایەی مشتومڕن، بەجۆرێك عێراق دەیەوێت ئەو دۆسێیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە و خۆی دەوڵەتی لەگەڵ توركیا بیخات بەلایەكدا، بەڵام ئامادە نییە لەگەڵ ئەو دۆسێیەدا دۆسێی قەرزە كەڵەكەبووەكانی هەرێمی كوردستان بخاتە ئەستۆی خۆی، بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەگەڵ دۆسێی رێككەوتنە 50 ساڵییەكەدا دۆسێی قەرزەكانیش رادەستی بەغداد بكات و خۆی لێی دەربچێت كە ئەمەسان یەكلایی نەبووەتەوە و پێناچێت لە ماوەی نزیكیشدا یەكلایی بكرێتەوە.
بە بڕوای چاودێران، رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد جگە لەوەی جۆرێك لە فشاری دەرەوە بەتایبەت فشاری ئەمریكای لەسەرە، هاوكات چ هەولێر و چ بەغداد بە ناچاری واژۆی دەكەن دەنا هیچیان لە ناخەوە خواستیان نییە.
هەرێمی كوردستان هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نییە جگە لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد و ئێستا حكومەتی هەرێمەكە بە ئەندازەیەك حاڵی خراپە تەنانەت توانای دابینكردنی نیوەمووچەی 5 مانگ پێش ئێستای مووچەخۆر و فەرمانبەرەكانی نییە و لە دۆخێكدایە كە خۆزگەی پێنەخوازرێت.
عێراقیش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و لێكەوتەكانی كۆرۆناوە خۆی بۆ قەیرانێكی دارایی سەخت ئامادەكردووە و وەك جۆرێك لە بازرگانی سەیری ئەم رێككەوتنە دەكات و دەیەوێت ئەگەر رێژەیەكی كەمیش بێت داهاتی لە نەوتی هەرێمەوە دەستبكەوێت ئەوە جگە لە لەكۆڵكردنەوەی دۆسێیەكی سیاسی پڕ لە سەرئێشە كە لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێكرد و ئێستا گەیشتووەتە لاپەڕەكانی كۆتایی، ئەویش پرسی فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆیە كە پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرا نەك هەرێمی نەخستە سەر نەخشەی وزەی جیهان، بەڵكو ناوەكەی خستە لیستی قەرزارەكانی جیهان.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد لە لێدوانێكدا لەبەردەمی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بە روونی دانی نا بە شكستی فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوت و سیاسیەتی ئابوری سەربەخۆ و وتی ئەم حكومەتە باوەڕی هێناوە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان سیاسەتێكە شكستی هێناوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لە پارەكەی هاوپەیمانان، هیچ سەرچاوەیەكی داهات بە جێگیری نایەتە وەزارەتی دارایی.
دەشێ وتەكانی وەزیری دارایی گەواهیدەری ئەوە بن كە ئێستا هەرێمی كوردستان جگە لە بەغداد هیچ ئاسۆیەكی لەبەردەمدا نەماوە.