کوردستان

10:51 - 01/01/2019

رۆژئاوای كوردستان: لیژنەیەك بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێكهێنرا‌

پەیسەر

لقی باشوری كۆنگرەی نیشتیمانی (KNK) بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی دا بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئامانجی ئه‌م لیژنه‌یه دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی نیشتیمانییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر رۆژئاوا.
له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری لقی رۆژئاوای كۆنگره‌ی نیشتیمانی (KNK)، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كۆنگره‌كه‌ له‌ شاری قامیشلو ئه‌نجامدرا، تیایدا گفتوگۆ له‌باره‌ی ریگاكانی دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی نیشتیمانی كرا، تا هه‌مووان پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ببنه‌وه‌ كه‌ رووده‌كاته‌ رۆژئاوای كوردستان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رۆژئاوا.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ ناكۆكییه‌كان وه‌لا بنرێن، هه‌روه‌ها پێشنیاری ئه‌وه‌شیان كردووه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ گفتوكردن و سه‌ردانیكردنی ته‌واوی لایه‌نه‌كان پێكبهێنرێت.
كۆنگره‌ی نیشتیمانی (KNK)ی ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، گفتوكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بێ هیچ مه‌رجێك ده‌بێت و ده‌بێ ئامانجیش له‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نیشتیمانیه‌كان بێت و پاراستنی رۆژئاوا بكه‌نه پێوه‌ری كاره‌كانیان.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ كه‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بریتی بن له‌ شێخ سه‌نان ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئه‌عیان دێرك، دیلاوه‌ر زه‌نگی سه‌رۆكی یه‌كێتی كیتابی سوریا، عه‌بدولكه‌ریم عومه‌ر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆنگره‌ی نیشتیمانی، ده‌ریا ره‌مه‌زان و سوله‌یمان ئیلیاس دكتۆر له‌ بواری ئاسه‌وار و مامۆستای زانكۆی رۆژئاوا.