کوردستان

04:41 - 01/01/2019

بەرهەم ساڵح نێوەندگیری لەنێوان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵدا دەكات‌

پەیسەر

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەردانی كۆسرەت رەسوڵ دەكات و داوای لێدەكات كۆتایی بهێنێت بەبایكۆتی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، شەوی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەشاری سلێمانی، بەیاوەری لاهوری شێخ جەنگی سەردانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كردووە و داوای لێكردووە كۆتایی بهێنێت بەبایكۆتی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەشكردووە ، كە بەرهەم ساڵح لەكۆبونەوەكەیدا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندووە ئەو لەناكۆكی نێوان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ بێلایەنە و پشتیوانی هیچ لایەك ناكات، بەڵام دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوانیاندا بكات.
بەپێی زانیاریەكان بەرهەم ساڵح راشیگەیاندووە ، ماڵی تاڵەبانی رایانسپاردووە لیژنەیەك لە ئەنجومەنی ناوەند و ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی سیاسی پێكبهێنێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی.
سەبارەت بە وەڵامی كۆسرەت رەسوڵ سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، رازی بووە بەشداری كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی بكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەچەند رۆژی داهاتوودا مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبێتەوە.
ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی لەسەر پۆستەكانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و وەزیری دادی عێراق و پرسی نزیك بوونەوە لەگۆڕان یان پارتی ناكۆكیان لەنێواندایە و بەهۆیەوە كۆسرەت رەسوڵ بایكۆتی كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد.