05:23 - 22/07/2020
بۆردومانهكانى توركیا کریستیانەکانی دهۆک ئاواره دهكات
بەهۆی هێرش و گورزە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیاوە بۆسەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک سەدان هاوڵاتی مەسیحی لە گوندەکانی خۆیان ئاوارەبوون و داوای پارێزگاریی نێودەوڵەتی دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی زە ناشناڵی ئیماراتی، کە ڕۆژنامەنووس دانا تەیب مەنمی، ئامادەی کردووە زیاتر له ۱۲ گوندی دهۆک بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە و بۆ پاراستنی ژیانیان لەگوندەکانی خۆیان هەڵاتوون و کەنیسە و ڕەزو باخەکانیان بەجێهێشتووە.
قەشەیەکی کلدانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، داوای پارێزگاریی نێودەوڵەتی کردووە، چونکە بە گوتەی قەشەکە حکومەتی هەرێم و عێراق نەیانتوانیوە مەترسی هێرشەکانی تورکیا بوەستێنن و مەسیحییەکان بەتایبەت ژنان و منداڵان، لەترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.
هەروەها نادێن ماینز، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرگریی لە ئازادیی ئاینی کە کۆمسیۆنێکی سەربەئیدارەی دۆناڵد ترەمپە، ڕایگەیاندووە ئەوان نیگەرانن لە هێرشەکانی تورکیا کە ژیانی هاوڵاتیانی مەسیحی و کەمینە ئاینییەکانی دیکەی خستووەتە مەترسیەوە، ڕونیکردووەتەوە هێرشەکانی تورکیا ئامانج و تموحی ناوچەیی گەورەتری لەپشتەوەیە.