کوردستان

09:52 - 01/01/2019

یه‌كێتی پێشنیارێكی نوێ له‌باره‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌داته‌ پارتی‌

پەیسەر

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، پێشنیاری ئه‌وه‌ بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كات، كه‌ پاكێجی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ گفتوگۆی لایه‌نه‌كان پاكێجێكی سه‌ربه‌خۆ بێت و تێكه‌ڵ به‌ پاكێجی پێكهێنانی حكومه‌تی نه‌كرێت.

یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت ناكۆكیان هه‌یه‌، پێشتر یه‌كێتی داوای ئه‌وه‌ی له‌ پارتی كردبوو، كه‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌ی پۆسته‌كانی به‌غدا ( وه‌زیری داد) و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌ك پاكێج بن.
له‌یه‌كه‌م دانیشتنی پارتی و یه‌كێتی بۆ پكهێنانی حكومه‌ت یه‌كێتی ئه‌وه‌ی به‌ روونی به‌ پارتی گوتبوو كه‌ ده‌یه‌وێت پارتی كارئاسانی بۆ بكات بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی داد و دانانی پارێزگایه‌ك له‌ حیزبه‌كه‌ی، به‌ڵام پارتی ئه‌وه‌ی ره‌تكردبوه‌وه‌ و پێی راگه‌یاندوون ئه‌م دانیشتنه‌ بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.

به‌ڵام له‌ دووه‌م دانیشتندا یه‌كێتی نیشتیمانی به‌ فه‌رمی پڕۆژه‌یه‌كی دایه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌وه‌ی رونكردبوه‌وه‌، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت وه‌ك یه‌ك پاكێج گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و كه‌ركوك بكات.
په‌یسه‌رپرێس وه‌ڵامی پارتی كه‌ رێی نامه‌یه‌كی هۆشیار زێبارییه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كێتی كرابوو بڵاوكرده‌وه‌، له‌ نامه‌كه‌شدا ئه‌وه‌ ئاشكرابوو 
كه‌ پارتی ده‌یه‌وێت وه‌ك سێ پاكێجی جیاواز گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و كه‌ركوك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گفتوگۆ بكات.
په‌یسه‌رپرێس بۆ وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی پارتی له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌ كرد.

به‌ پێی زانیارییه‌كان كه‌ له یه‌كێتی و پارتی ده‌ستی په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، یه‌كێتی نیشتیمانی پێشنیازێكی تازه‌ی داوه‌ته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و تیایدا داوای ئه‌وه‌ی كردووه‌، ئه‌وان قبوڵیانه‌ به‌ پاكێجی جیاواز گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی داد و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك و كابینه‌ی نوێ بكه‌ن، به‌ڵام ده‌شیانه‌وێت پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تێكه‌ڵ به‌ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نه‌كرێت و به‌ پاكێجێكی جیاواز هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكرێت.
به‌پیی زانیارییه‌كان یه‌كێتی ده‌یه‌وێت، به‌و رێگه‌یه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر پارتی  كه‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریكردووه‌.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ وەڵامی دەستپێشخەریەكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌، مادام ئێوە سورن لەسەر ئەوەی پارێزگاری كەركوك و وەزیری دادی حكومەتی فیدرڵی و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم یەك پاكێج نین و جیاوازن، ئەوە ئێمە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان پێمان وایە پرسی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێمیش یەك پاكێج نین، 
له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەنامەكەیدا ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، كه‌ ئاماده‌ن گفتوگۆ لەسەر كابینەی حكومەت بكەن.

گوتوشیانه‌، پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوری كوردستان بۆ قۆناغی دواتری گفتوگۆكان جێبهێڵین به‌ پاكێجێكی جیاوازگفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و دواتر بەراوێژ لەگەڵ حزبەكوردستانیەكان و پێكهاتەكانی تری كوردستان ئەو پرسە یەكلایی دەكەینەوە.