ڕاپۆرتی کوردستانی

05:32 - 27/06/2020

تەكیەو خانەقاكانی هەورامان لەبەردەم هەژموونی دەسەڵاتی جیهانگیریدا‌

شەیدا هەورامی


لە ناو دونیای ئیسلام و شەریعەتی موحەممەدییدا، بەتایبەتی لە دوای كۆتایی هاتنی خەلافەت كۆمەڵێك تەریقەتی تەسەوف دەركەوتوون، هەرچەندە تا ئێستاش دژایەتی دەكرێن و بەلادەر ناو دەبرێن، بەڵام بەردەوامن، كە لە بنەما و ئامانج و مەبەستدا یەكێكن، بەڵام لە گرتنەبەری ڕێگەدا كەمێ‌ جیاوازییان هەیە، ناوچەی هەورامانی كوردستان بەسەر چاوەی تەسەوف و پێگەی تەریقەتەكان دادەنرێت، ئاخۆ هەروا دەمێننەوە یان دەكەونە بەردەم هەژموونی دەسەڵاتی مادی رۆژگارو ئەوانیش ڕاپێچ دەكات؟ 

هەر لە كوردستاندا دوو تەریقەت (نەقشبەندی و قادری) هەبوون.لە بیرەوەریی ئێمەدا و تا نیزیكی شەستەكان، وێنەی سۆفی، یان دەروێش، ئەو وێنە دروستە نەبووە كە لە سەرچاوەكانی تەسەوفدا هەبووە، تەسەوف لە ئاوێنەی ژیانی ئەو جۆرە سۆفیانەوە، گۆشەگیریی و پابەندبوون بە چەند شتێكی خورافیی و ڕواڵەتییەوە بووە، بۆیە دەشێ‌ لە باس و پێناسەی سۆفی و تەسەوفدا ئەو وێنەیە بێتە زەینمانەوە. بەڵام ئەگەر بۆ سەرچاوەكانی تەسەوف و تەریقەتەكان و ژیانی سۆفی و عاریفە گەورەكان بگەڕێینەوە؛ وێنەیەكی دیكە و دونیایەكی دیكە دەبینین.. 
وەك شارەزایان باسی دەكەن  تەسەوف (ڕێگە)ی گەییشتنە بە ناسینی خودا، تا گەیشتن بە پایەی نیزیكی(قرب)، تا گەیشتن بە (شهود ــ بینینی ڕۆحیی) و ئاوێـتەبوون بە جیلوەی ناوە جوانەكانی، ئەمەش لە ڕێگەی (كەشف) و (حاڵ) و بڕینی چەند (مەقام)ێكەوە.تەسەوف (ڕێگە)یە بۆیە پێی دەگوترێ‌ (تەریقەت)، لە (شەریعەت)ەوە دەست پێدەكات، تا گەییشتن بە (حەقیقەت)، حەقیقەتی یەقینیی. تەسەوف گرتنەبەری ڕێگەی (عاشقانە)ی (ناسین) و پەرەستشی خودایە، ڕوانینی عاشقانەیە بۆ خەلق و بۆ خودا ..، كە تەسەوف بە (عیرفان)یش ناو دەبرێ‌، عیرفان پێوەندیی بە ناسینەوە هەیە، خۆناسیی و خوداناسیی.
دوای كۆتایی هاتن بە خلافەتی ئیسلامی ئاین بووە موڵكی هەمووان و تێگەیشتن بە پێیی ناوچەكان گۆڕانیان بەسەردا هات ، لەناوچە كوردستانیەكاندا  بە شێوەیەكی بەربڵاو دوو تەریقەت ( نەقشبەندی و قادری) بڵاوەیان كردوو تا ئێستاش لایەنگریی زۆریان هەیە. بەتایبەتی لەناوچەی هەوراماندا ڕەنگدانەوەی تەریقەتی نەقشبەندی هەتا ئێستاش هەستی پێدەكرێت و جێگە دەستی شێخ و موریدەكانیان دیارە.
لە ناوچەكانی هەورامان دوو بنکە ی تەسەووف (تەکیە و خانەقا) بوونیان هەیە و بۆنیادنەرانیان ئەو دوو تەریقە تە یان لە ڕینماییەكانی ئیسلام و سونەت  گرتووەو موریدانی خۆیان بەرەو رفتاری باش دور لە هەر خراپەكارییەك برەویان پێداوە.
بە وردبوونەوە لە دەرئەنجامەكانی خانەقا و تەکیەکانی هەورامان تێدەگەین بنکەی پەروەردەی فیکریی و برەودان بە زانستی گشتی و شەریعەت بووە و شێخەکانی ئەم دوو تەریقەتە کەسانیکی بەتووانا، عارف و ناوداری ناو کۆمەڵگە بوون.
تەریقەتی نەقشبەندی: .ئەم تەریقەتە 200ساڵ لەمەوپێش لەسەردەستی شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی شارەزووری لە کوردستان دەستی پێ کردوە .ئەم ناودارە پێش ئەوەی تێکەڵ بەتەسەووف ببێت و ناوازەی بەهۆی گەورەترین رێبەری مێژووی تەسەووف دابنریت مامۆستا و مۆدەریسی یەکیک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی بووە. شێخ عۆسمان سیراجەالدین یەکەمین مۆریدی گەورەی مەولانا خالید لە بەغداد و یەکەمین کە س بووە کە ایجازەنامەی تەریقەتی وەرگرتووە.
شۆینی ئەنجام دانی مەڕسیم و بۆنەكانی تەریقەتی نەقشبەندی" خانەقایە"  پێكهاتەكانی بڕییتیە لە؛ سۆفی، خانەقا،خەتم، بیرۆکە. ، لە زۆرێك لە شارو شارۆچكانی هەروامان (لهۆن و سەخت) بوونی هەیەو دیارترینیان خانەقای بیارەو خانەقای شێخە لە خانەگای نزیك شاری پاوەی رۆژهەڵات، هەروەها لە چەند شوێنی دیكەش خانەقای تری تێدایە.
تەریقەتی قادری:
تەریقەتی قادری لە سەرەتای سەدەی شەشەم لە لایەن شیخ عبدالقادر گیلانی بنیادنراوە. وەك شوێنكەوتوەكانی باسی دەكەن، خواناسی گەورەی شێخی تەسەووفی ئیسلامی و پڕنووری زاتی شەریعەت وتەریقەتە،خاوەن تەریقەتی پێروزی قادرییە و نموونەی شێخی کامڵ و مامۆستای شەریعەتی زاهیرو باتینە.
ئەم تەریقەتە یەکێکە لەگەورەترین تەریقەتەکانی تەسەووف کە لقەکانی لە سەرتاسەری جیهان بڵاوبووەتەوە ،کە یەکێکیان تەریقەتی قادری تاڵەبانی لە کەرکووک کە300ساڵ لەمەو پێش بە دەست مەلا محمودی زەنگنە بونیاد نراوە.
 یەکەم كەس تەریقەتی قادری هێناوەتە هەورامان شێخ محمد عزیزی نجاری ناسراو بە شمس العارفین و پیری هەورامان بووەکە تەریقەتی خۆی لە شێخەکانی قادری تاڵەبانی کەرکووک وەرگرتووە و لە هەورامان دایمەرزاندوە و تەکیە ی خۆی لە لادێی نجار سەربە قەزای پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆنیادناوە.
لەدوای مردنی شمس العارفین نەوەی گەورەیان شێخ عبدالقادری نجاری ناسراو بە بێ عنوان لە شوێن مەرتەبەی دانرا و پەروەردەی مۆریدەکانی دەستپیی کردووە.
ئەگەر نەقشبەندییەكان خانەقایان هەبووە بۆ كۆبوونەوەو ئەنجامدانی سرووتە ئاینیەكانیان ئەوا تەریقەتی قادریی تەكەیەیان هەیە.
تەکیە،شوینی عیبادەت و بە جێیهێنانی مەڕاسیماتی زیکر و تەلیلە و سە ماعی دەروێشانە کە تایبەتە بە  تەریقەتی قادریی.
بنەماكانی ئەم تەكیەیانە بڕییتیە لە ؛ دەروێش، تەلیلە و سەماع.
تەکیە کانی هەورامانی رۆژهەڵات؛
1-تەکیە ی شمس العارفین لە نجار
2-تەکیە ی شێخ نسرالدین خاڵسی لە شاری پاوە
3-تەکیە ی شێخ احمد لە عەباس ئاوای قەزای سەوڵاوای مەریوان
4-تەکیە ی خەلیفە عبدالغفور لەلادێی نەروی قەزای پاوە
5-تەکیەی خەلیفە سەی عەنایەت لە لادێی وڕای قەزای پاوە
 تەکیە ی نجار خاوەن مێژوویەکی (150)ساڵ و هەموو هەفتەکان بارەگاكەیدا سەدان میوان لە هەموو شوێنەکانی ئێران و دەڤەری جۆراوجۆررەوە بۆ زیارەت و مەرقەدی مەشایخەکان و بینینی شێخی خۆیان و ئەنجام دانی مەڕاسیماتی زیکروو تەلیلە کۆدەبنەوە
"سورەیا " خەڵکی پاوەیە دانیشتوانی شاری تارانە کە هەموو جومعەکان و کۆتایێ هەفتە بۆ زیارەت کردنی شێخ و ئەنجامدانی زیکرو تەلیلە دەگەڕێنەوە بۆ تەکیە ی نجار ، لەوبارەوە بە "پەیسەر پرێسی" گۆت؛ من و هاوسەرم لەکۆتایی هەفتەکان لەناو هەموو ژڵەژاوەکانی ژیان و دووری ڕیگە و بان بەڵام بۆ ئارام گڕتنی دڵەکانمان و بەڕیوبردنی ئەم ڕێبازە پیرۆزەمان دەگەڕینەوە پاوە .
هەروەها گوتیشی؛ هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ژیانی هاوسەریمان ئەوەیە کە ئەم رێێ حەقیقەت و راستیەمان گرتوەتە پێش و تاکۆتایی مردنمان خزمەتکار و خزمەتگوزاری ئەو تەکیە و بارەگا دەبیین
. "مەلا هادی هەورامانی" ئیمام جومعە ی نجار لە بارە ی تەریقەتەت لە لێدوانیکدا بە "پەیسەر پریسی "گوت؛ لە رێبازی تەسەووفدا زۆر جار ئەم سێ زاراوەی" شەریعەت و تەریقەت و حەقیقەت" بە تەنها یاخۆد پێکەوە بەکار دەهێنرین لەدەقەکاندا کە لە سۆننەتدا بە سێ زاراوە بەزارەکانی (ئیمان، ئیسلام و ئێحسان )ناوبراون .
گڕنگ ئەوەیە کە بزانین هییچکام لەم سێ زاراوە بەدیلی ئەوی تریان نیە بەڵکوو تەواوکەری یەکترن و بەو واتەیە کە هەر سێکیان ڕەنگدانەوەی یەک ڕاستین کە بڕیتیە لە بەرنامەی پیرۆزی ئیسلام بەتەواوی کە مرۆڤ بە هۆیانەوە دەگاتە سەعادەتی هەتاهەتایی.
لە ئێستادا كە مادیات سەرجەم كایەكانی ژیانی مرۆڤایەتی داگیركردووەو بەشێك لەو داگیركارییە هەورامانیشی گرتوەتەوە، بۆ چارەسەری كێشە دەرونی و مادییەكانی مرۆڤایەتی بەشێك لە شارەزایانی ئاینی پێشنیاری گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی ئارامكردنەوەی رۆحەكان دەكەن ئەویش پەیڕەوی كردنە لە ڕێبازە تەسەوفیە خاوێنەكان.
ئەم ڕوانینەش بەرەو ئەوەی بردوون كە میهرەبانیی بكەن بە بنەما لە نێوان خودا و مرۆڤدا،  لەوێوەشەوە بۆ نێوان مرۆڤەكان، تەنانەت لەگەڵ هەموو خەلقدا، هەروەها عاشقانە خودا پەرەست و مرۆڤدۆست بن، هەوڵیانداوە ڕوانینی ڕەببانییانەیان بۆ مرۆڤ هەبێ‌، ئەم ڕوانینەش ڕق و كینە و توندیی و تیژیی مرۆییانە كەم دەكاتەوە، چونكە خودا خۆی بە خاوەن و خالیقی هەموو بوون و مەخلوقات دەزانێ‌، بە چاوی ڕەحمەت و وەك بەندەی خۆی لە هەمووان دەڕوانێ‌، ئەو تەكریم و شكۆمەندییەی بە مرۆڤی ڕەوا دیتووە، بۆ هەموو مرۆڤایەتییە..كە دونیابینیی و ڕوانین لەسەر ئەم بنەمایە بوو، پەڕگیریی تێدا نەبوو، بەرهەمەكەی لە ڕووی كردەییەوە ئەوەیە كە ئەخلاقیانە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا دەكرێ‌.  
ئەخلاق گەورەترین بەرهەمی تەسەوفە، ئاخر تەسەوف بە زانستی ئەخلاقیش ناوبراوە، هەروەها مەبەستی سەرەكیی تەسەوف لەم گوتەیەدا چڕ كراوەتەوە (التخلی عن الرذائل و التحلی بالفضائل).. تەسەوف گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای ژیان و پێكبەستنەوەی خەلقی ئادەم و پەیامی خاتەمە، لەمەشەوە ئایینەكان لە بنەما سەرەكییەكاندا بە تەواكەری یەكدی دەزانێ‌، لەوێشەوە  ڕوانینێكی جوان بۆ پێوەندیی نێوان ئایینەكان دروست دەبێت و هەروامانیش زادەی ئەو بیروباوەڕەیە، پرسیار ئەوەیە ئایا هەر بەو شێویەیە دەمێنێتەوە، یان ئەویش دەكەوێتە بەر گورزی رۆژگاری مادی و دەبێتە بەشێك لەو جیهانگیرییەی مادییەی هەمووانی سەرقاڵی خۆی كردووە؟