ڕاپۆرتی کوردستانی

04:58 - 23/08/2023

رۆژنامەی "زە ئیكۆ نۆمیست"ی بەریتانی دەڵێ؛ مەترسی كەوتنی كوردستان لە ئارادایە‌

پەیسەر

رۆژنامەی "زە ئیكۆنۆمیست"ی بەریتانی لە راپۆرتێكدا باس لە هەوڵەكانی بەغدا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەوەش دەخاتە ئەستۆی كورد خۆی بەهۆی ناكۆییەكانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و دەشڵێت، لە ئێستادا مەترسی كەوتنی پڕۆژەی كوردستان لە ئارادایە.

رۆژنامەكە لە راپۆرتێكی شیكاریدا، ئاماژەی بەوەداوە، شەش ساڵ لەدوای دەنگدان بۆ سەربەخۆیی لە ریفراندۆمەكەی ساڵی ٢٠١٧دا، ئێستا ئەو خەونی سەربەخۆییەی كوردەكان خەریكە لەناودەچێت.
بەپێی راپۆرتەكەی زە ئیكۆنۆمیست، لەگەڵ بوژانەوەی بەغدای پایتەخت لەسایەی باشبونی ئاسایش و داهاتی نەوت، فەرمانڕەواکان هەوڵی لاوازكردنی سەربەخۆیی کوردستان دەدەن.

 دوای ٣٠ ساڵ لە سەربەخۆیی، ئابوریی کوردەکان و سنورەکان و ناوچە جێناكۆكەكان تاڕادەیەكی زۆر گەڕاونەتەوە ژێرکۆنتڕۆڵی حکومەتی ناوەندی.

دیپلۆماتکارێكی رۆژئاوایی كە چاودێری پەرەسەندنەكان دەكات لە بەغداوە، ئاماژە بەوەدەدات كە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزی لەدەستدەدات و دەشڵێت: "مەترسی كەوتنی پڕۆژەی کوردستان لەئارادایە."

رۆژنامەكە نوسیویەتی، بۆ ئەمە دەبێت تاڕادەیەكی زۆر سەرزەنشتی كوردەكان خۆیان بكرێت. ناكۆكی نێوان هەردو بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی و تاڵەبانی، توندبۆتەوە، زۆرجار وەزیرەكانیان و پەرلەمانتارەكانیان لە بەغدا دژ بە یەكدی دەنگ دەدەن، یەكێتی بەئاشكرا داوای پشتیوانی بەغدا دەكات، وێڕای تكای وڵاتانی رۆژئاوا، هەردو لا یەكخستنەوەی هێزەكانیان رەتدەكەنەوەو دەستیان بە كوشتنی كادیرەكانی یەكتر كردۆتەوە.

هەروەها باسی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سنورداركردنی ئازادی راگەیاندن كردوە.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، حکومەتی عێراق ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەقۆزێتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی هەرێمی كوردستان، ئەم كارەشی لەڕێگەی پارەوە دەستپێكردوە. لە ئێستادا پارەی موچەی فەرمانبەران مانگانە لە بەغداوە رەوانە دەكرێت. ئەو سەركردە كوردانەی كە رۆژانێك خۆیان بەدور دەگرت لە بەغدا، ئێستا دەستە دەستە دەچنە بەغدا بۆ داواكردنی هاوكاری.
بۆ ئەوەش راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە نێچیرڤان بارزانی، لەماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتیكردنی هەرێمی كوردستاندا ١٠ جار بەڕەسمی سەردانی بەغدای كردوە، لەكاتێكدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی هەرێم لەماوەی ١٥ ساڵدا یەكجار چوە بەغدا.

زە ئیكۆنۆمیست نوسیویەتی، بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق، هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت هەوڵبدات لە بەغداوە راستەوخۆ پارەی بۆ بێت، رەنگە ئەمە یەكێتی هان بدات بۆ جیابونەوە لە حكومەتی هەرێم كە پارتی هەژمونی بەسەریدا هەیەو ئەوەش ببێتە مایەی لاوازكردنی زیاتری یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە حكومەتی عێراق هەوڵی كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و هەروەها سوپای عێراق و میلیشیا شیعەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان كۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان كردوە كە لەدوای ریفراندۆمەكەی ساڵی ٢٠١٧ لەژێر دەستی كوردەكانیان دەرهێنان، لەو كاتەوە دەستیان كردوە بە دەستكاریی دیمۆگرافیای ناوچەكە ئەوەش لەڕێگەی هاندانی عەرەبەكان بۆ نیشتەجێبون لەو زەوییانەی كە كوردەكان داوایان دەكەن.
رۆژنامەكە نوسیویەتی، ئەگەر ئێستا ریفراندۆم لەو ناوچانە بكرێتەوە، رەنگە كوردەكان زۆرینە نەبن لەوێ.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتوە، رەنگە گەورەترین زیان بۆ هەرێمی كوردستان، گەڕانەوەی باڵادەستی یاسایی بێت بۆ عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لە مانگی پێنجدا بڕیاریدا درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو بڕیاردرا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جێگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بگرێتەوە.

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا هاتوە، زۆربەری کوردەکان هەست بە بێهیوایی دەکەن و چاودێرێك لە هەولێرەوە وتویەتی"دەبینە پارێزگایەک لە عێراق. ئەو چرای سەربەخۆییەی کە بۆ نزیکەی ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا و ئێران و سوریا، دەدرەوشایەوە، خەریکە دەكوژێتەوە."