ڕاپۆرتی کوردستانی

12:28 - 12/08/2023

ئێران و تورکیا: کامەیان ترسناکترن بۆ کورد؟‌

پەیسەر

پێشڕەو محەمەد

[بابەتێک بۆ گفتوگۆ]

ڕەنگە ئەم شتە لە نیگای یەکەمدا سادە دەربکەوێت، یاخود جێ باوەڕی زۆرانێک نەبێت، بەڵام تورکیا بەو هەموو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی هەیەتی، بەو گرنگییە جیۆپۆلەتیکییەی بۆ جیهان هەیەتی، لە پرسی کورددا هەمیشە شکستی هێناوە و هەمیشەش لە ئاستی جیهانییدا هاوسۆزیی بۆ کورد لە باکووری کوردستان زیاتر بووە تا هاوسۆزیی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ نموونە مێژوو، خەبات، سیاسەت و بیری سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاستێکی زۆر شاراوەیە و کەمترین زانیاریی لەبارەیەوە هەیە و کەمترین هاوسۆزییش. ڕەنگە بەشێکی پەیوەندیی بە کەمتەرخەمیی و بێباکیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، ناڕێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات و پەرتەوازەیی کوردانی ڕۆژهەڵات لە تاراوگە بێت، بەڵام پرسەکە لەمە قووڵترە: ڕۆڵی کۆڵۆنیالیزمی کولتووریی ئێران هەم لە باوەڕهێنان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا بەوەی وەک تورکیا ڕاسیزمی دژە-کوردی نییە و هەم باوەڕهێنان بە بەشێکی زۆری کورد کە «ئێران خاوەن کولتوورێکی باڵای مێژووییە» و کەواتە «کوردیش وەک ئێرانیی، ئێرانییە و ئاریایی». لەم ڕووەوە ئێران زۆر ترسناکترە بۆ خەبات و سەروەریی کورد تا تورکیا. 

یەک:
تورکیا 
 

تورکیا لە هەوڵی خۆیدا بۆ هەژموونی ئیمپراتۆریی شکستی هێناوە، هێشتا ئێران هیچ زیانێک لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بە کۆڵۆنیالیزمە کولتوورییەکەی نەگەیشتووە. ڕەنگە زۆربەتان پێتانوابێت ئەوروپا و ناتۆ سازشیان بۆ ئەردۆغان کردووە تا ڕازی بێت بە هاتنی سوید بۆ ناو ناتۆ بە ناردنەوە و دیپۆرتکردنەوەی چەند سیاسییەکی کورد و هەروەها لایەنگرانی گولەن. سوید بەراورد بە ئەڵمانیا، کەمترین کوردی سیاسیی لێیە. بۆ ئەردۆغان ئەم فشارە ناخاتە سەر ئەڵمانیا؟ لە ڕاستییدا لە دوا چرکەساتی ڕازیبوونی ئەردۆغان بە هاتنی سوید بۆ ناو ناتۆ، خاڵێک وروژێنرا، کە وەرچەرخان، گۆڕان و لاوازبوونی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا بە قووڵیی پیشان دەدات: وروژاندنی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا. چوونی تورکیا بۆ ناو ئەو یەکێتییە (ئەگەرچی میزاجی گشتیی ئەوروپیی سەرتاپا دژی ئەمەیە) بە مانای بەهێزیی تورکیا نایەت. چوارچێوەی سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە هەر دەوڵەتێکی ئەندام بڕێک لە دەسەڵات و سەروەریی خۆی لەدەست دەدات و سازشی لەسەر دەکات. ئایا تورکیای عوسمانیی کۆن، تورکیای نوێی ئەتاتورک و خەونی عوسمانلیی ئەردۆغان، لەگەڵ سازش و لەدەستدان دەگونجێت؟ نەخێر. کەواتە چی بوو وا ئەردۆغان بایدایەوە و ئایا تورکیا لە لوتکەی هێزدایە یان لاواز بووە؟ بە سێ خاڵی کورت ئەوە پیشان دەدەم کە لە ٢٠٠٢ بەدواوە، ئەردۆغان سێ جار دۆڕاندوویەتی و سیاسەتی خۆی گۆڕیوە: 

١. هاتنی ئەکەپە بۆ دەسەڵات لە ٢٠٠٢دا بەڵێنی بردنی تورکیا بۆ ئەوروپا و نزیککردنەوەی ستانداردی ژیان بوو لە ستانداردی ئەوروپیی. بەڵام لەگەڵ پابەندنەبوون و خەونی زیاتری ئەردۆغان بۆ دەسەڵاتی هەرێمیی، سیاسەتی تورکیا لە ئەوروپاوە بەرەو ڕۆڵی ڕابەرایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هات. لە دوای ٢٠٠٣ەوە ئەنقەرە هەمیشە هەوڵی سەپاندنی ڕابەرایەتیی تورکیای داوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهاری عەرەبیی و هاتنی ئیسلامی ئیخوانییش بۆ دەسەڵات خەونی ئەردۆغانی زیاتر و زیاتر دەکرد بۆ بەڕابەرکردنی تورکیا، هاوشێوەی ئەمریکا لە ئەوروپا. گەورەترین زیان بەو خەونەی تورکیا گەیشتبێت، کودەتای سەربازیی عەبدولفەتاح سیسی بوو لە میسر دژی محەمەد مورسی. ئەردۆغان خەونی گەورەی لەسەر مورسی هەڵچنیبوو. پێشتر تورکیا بە ئەمریکای گوتبوو کە دەتوانێت بە مۆدێلی ئیسلامیی بەڵام بە بەهای دیموکراسیی خۆرئاوایی و گەشەی ئابووریی، ڕۆڵی ڕابەرایەتیی بگێڕێت و باشترین دۆستی ئەمریکاش بێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام دوای هاتنی سیسی بۆ دەسەڵات، تورکیا بە ڕاشکاویی بە ئەمریکا دەڵێت: «میسر بەربەستی سەرەکییە». 

٢. ئەمجارە تورکیا لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی بازنەی ئیسرائیل، قوبرس، یۆنان و میسر لەیەکتر، دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بە پشتیوانیکردنی حەماس و فەڵەستینییەکان و ئیخوان موسلمینە هەڵاتووەکان بەهێز بکات و سەربەخۆیی دەسەڵاتی خۆی بەدوورکەوتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت، کە پێشتر هەوڵیدەدا لێی نزیک ببێتەوە و ببێتە ئەکتەری سەرەکیی. هەروەها هەوڵی ڕۆڵی نێوانگریی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا و هەروەها ڕووسیا و ئۆکرانیا. لەگەڵ ئەوەی وا دەردەکەوێت تورکیا یارییەکی باشی کردبێت، بەڵام لە ڕاستییدا هەمووان وەها سەیری ئەردۆغانیان دەکرد قەرەقۆزێک بێت و تورکیا لاوازتر بکات بە یارییە ناعەقڵانییەکانی.

٣. بادانەوەی ئەردۆغان بۆ ئەوروپا نیشانەی بەهێزیی تورکیا نییە، بەڵکو کەوتنی خەونی عوسمانیزمی نوێیە، ڕۆڵی ڕابەرایەتیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەکچۆن ئەحمەد داودئۆغلو لە نیسانی ٢٠١٢دا کە هێشتا وەزیری دەرەوە بوو بە پەرلەمان دەڵێت: «ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی ڕابەر و سەروەر و خزمەتکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بین... و ناوچەیەکی نوێی ئاشتیی، سەقامگیریی و خۆشگوزەرانیی لەگەڵ تورکیا و لە دەوروبەری تورکیادا سەرهەڵدەدات». ئەم خەونە کەوت و مرد. ئێستا ئەردۆغان چیتر نایەوێت ئەوروپییەکان تورکیا تەنها وەک پاسەوانی سەر سنوور ببینن، بەڵکو دەیەوێت تورکیا بکاتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.

گۆڕانی سێ ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئێستا، کە بەدرێژایی هەشتا ساڵ ئەم گۆڕانکارییە خێرایە ڕووینەداوە، نیشانەی لاوازیی دەسەڵاتی ئەردۆغان و کەوتنی خەونی ئیمپراتۆرییە. شتێکی ئێجگار گرنگ بۆ کورد ئەگەر بتوانن بیقۆزنەوە و زیاتر تورکیای پێ لاواز بکەن، چونکە هەم ئێستا تورکیا سیاسەتی دەرەکییەکەی و ئابوورییەکەی لە خراپترین دۆخ دان و هەمیش لەڕووی هەژموونی کولتوورییەوە لاوازترە. 

دوو:
ئێران



لە خۆرئاوا ڕاستە ئێرانی ئیسلامیی وەک نەیار دەبینن، بەڵام لەڕووی مێژووییەوە کەمتر ئێران وەک نەیار دەبینن، لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئێران خۆی دروستکراوێکی دەستی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەوروپییە (بەتایبەت ئەڵمانییەکان) و دووەم، تورکیای عوسمانیی بەشێکی گەورەی ئەوروپا و باڵکانی داگیرکردبوو، لەم ڕووەوە تورکیا هەمیشە وەک دوژمنێکی مێژوویی بینراوە، بەپێچەوانەوە ئێران هەم ئەو دەسەڵاتەی نەبووە و هەمیش هەوڵیداوە بەها ئەوروپییەکان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای پان-ئێرانیزم و ئەفسانەی ئاریاییدا بگونجێنێت. تەنانەت ئێران سەردەمێک دەبێتە ناوەندی سەرەکیی ڕۆشنبیرانی ڕاستڕەوی ئەوروپیش، ڕۆڵێک هەرگیز تورکیا نەیبووە. لێرەوەیە دەبینین بێ هۆ نییە لە دۆناڵد ترەمپەوە بۆ بنیامین ناتانیاهو، لە هیتلەرەوە بۆ ئەنگێلا مێرکڵ، و هتد هەمیشە سەرسامیان بەرانبەر ئێران دەربڕیوە، ئەمەش بەوەدا کە چ لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، چ لەڕووی ستراتیژییەوە ئێران بە نەیارێکی گەورە نابینن. بەم هۆیەوە دەتوانن هەم کاریگەرییان لەسەر عەقڵی هاوبەشی کۆمەڵگەی خۆیان هەبێت کە ئێران بۆ ئەوان مەترسییەکی گەورە نییە و هەمیش دەزانن ئێران بە ئاسانیی دەتوانێت ئایدیۆلۆژیای خۆرئاوایی کۆپی پەیست بکات، بە مەرجێک ئیمامەکان لە دەسەڵات دووربکەونەوە. ئەمە ئەو شتەیە وا دەکات ئۆپۆزیسیۆنبوون بەرانبەر ئێران زەحمەت ببێت و بزووتنەوەی کوردستانیش بەڕادەیەکی زۆر نەبینراو و بێ دۆست و هاوڕێ بێت. لێرەوە مەترسیی ئێران لەسەر کورد زۆر گەورەترە بەراورد بە تورکیا. چۆن؟

بەپێچەوانەی تورکیاوە، ئێران گەورەترین هەژموونی کولتووریی لەسەر کورد هەبووە، لە هەناردەکردنی ماست و دۆی ئێرانییەوە بۆ هەژموونە فیکریی و کولتوورییەکەی: لە مەهەستی و هایدە و موعینەوە، بۆ شەجەریان و هومایون و شاهین نەجەفیی و موحسین چاوشی. لە عەلی شەریعەتییەوە بۆ عەبدولکەریم سروش و مستەفا مەلەکیان، لە سادقی هیدایەتەوە بۆ بوزورگ عەلەویی، لە فەروغ فەروخزادەوە بۆ هەژموون و ئامادەیی شاعیرە فەیسبووکییەکانیان و چاپبوونی شیعرە فەیسبووکییەکانیان لە فۆرمی کتێبدا، لە درامای یارانی ئەشکەوتەوە بۆ فیلمی دارگوێز، لە فیلمە هەزەلییەکانی میهناز ئەفشارەوە بۆ عەباس کیاڕۆستەمی، لە مەنسوور حیکمەتەوە بۆ موراد فەرهادپوور، لە پێڵاوی چووپی ئێرانییەوە بۆ تیشێرتی سوننەتیی کە نیوەی گەنجانی سلێمانیی لەبەریانە. هیچ شوێنێک لەسەر زەوی بوونی نییە هێندەی باشووری کوردستان هەژموونی کولتووریی ئێران تێیدا باڵادەست بێت و قسەی یەکەم بکات و هیچ شوێنێکیش لەو گەردوونەدا نییە ئێران توانیبێتی بەو فراوانییە دەسەڵاتی نەرمی خۆی پیادە بکات. 

با نموونەیەکی تایبەت بەخۆم بهێنمەوە بۆ ئەوەی لاتان ڕوون ببێتەوە:


هەوەتی لە ئەڵمانیا دەژیم و بەڕادەیەکی باش لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیی کار دەکەم، لەوە تێگەیشتووم زۆربەی ئەڵمانەکان بێ پێچ و پەنا و ڕاستەوخۆ باس لە مەترسیی تورکیا لەسەر کورد و ڕاسیزمی تورکەکان دژی کورد دەکەن. بەڵام هەرگیز لە ژیانیاندا شتێکی وەهایان لەسەر ئێران نەگوتووە. لەم ڕۆژانەدا لە شوێنی کارە تازەکەمدا، هاوکارێکی تورکم هەیە، لەگەڵ بەخێرهێنانمدا ڕووخساری فاشیزم و ڕاسیزمی خۆی دژی منی کورد پیشان دا، بێ پێچ و پەنا. گوتی ئێوەی کورد سەربازی تورک دەکوژن، ئەگەر تۆ سەربازێکی ئەڵمانیی بکوژیت ئایا ئەڵمانیا دەبێت دەستخۆشییت لێبکات؟ تورکەکە ڕاستەوخۆ هەم بە تیرۆرستت دەزانێت و هەم بێ شەرم ڕەتت دەکاتەوە. کەشوهەوای شوێنەکە لە بەرژەوەندیی من بوو، هەموو هاوکارە ئەڵمانییەکان و بە خانمێکی ئۆکراینیشەوە، هاوسۆزییان بۆ من هەبوو. بەڵام هاوکارێکی ئێرانییم بە هەمان شێوە، بەڵام بەفۆرمێکی ناڕاستەوخۆ کوردی ڕەتدەکردەوە: «ئێمە کوردمان خۆشدەوێت و زمانی کوردییش زمانێکی زۆر جوانە. دەشزانین لە تورکیا ستەمێکی زۆر لە کوردەکان دەکرێت. ئێمەی ئێرانیی پێمانوایە کوردییش هەر ئێرانین و بەیەکەوە دەتوانین ئێرانێکی جوانمان هەبێت. بەڵام هەوڵی هەندێک گروپی بەرژەوەندخواز بۆ ئەوەی کورد بکاتە دوژمنی ئێران، هەوڵێکی خراپە و نائارامیی دروست دەکات و ئەمەش نە لە بەرژەوەندیی ئێرانە و نە کورد و تەنها هەوڵی تیرۆریزمی ئیسلامیی بەهێز دەکات». هاوکارە ئەڵمانییەکان بە سەرسامییەوە سەیری ئەم قسانەیان دەکرد و خانمە ئێرانییەکەیان بە مرۆڤێکی زۆر دیموکراتیخواز دەبینی. تا دێڕ بەدێڕ ناوەرۆکی شتەکانیم شیکردەوە. جا ئایا شیکردنەوەکەی منیان قبووڵ بوو یان نا، نایزانم. 

دەرەنجام:

چ لە ناوەوە (لە ڕۆژهەڵات و لە باشوور) و چ لە کۆمەڵگەی جیهانییدا، ئێران توانیویەتی پرس و خەباتی کوردستان تەواو بێ بەها بکات، و ڕاسیزمی خۆی بشارێتەوە و خۆی وەک باشترین و نەرمترین هێز پیشان بدات، تورکیا بەپێچەوانەوە. لەم ڕووەوە خەبات بۆ پرسی کورد لە تورکیا ئاسانترە و باشتر دەتوانیت هاوڕێ ببەیتەوە، بەراورد بە خەبات دژی ئێران. کورد ڕێگەیەکی دوور و درێژی لەبەردەمە شکست بە کۆڵۆنیالیزمی کولتووریی ئێران بهێنێت، جا ئەگەر بیەوێت ئەم کارە بکات.ئێران و تورکیا: کامەیان ترسناکترن بۆ کورد؟