11:43 - 25/07/2023
لۆزان و بێ ئاگایی کورد لە ئاراستەی رووداوەکان
د. محەمەد شوانی
لۆزان یەکێکە لەو رێکەوتن و پەیمانامانەی لە نێوان تورکیا لە لایەک و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و یۆنان و رۆمانیا و ئەوانی دیکە لە لایەک بەسترا، لە رێکەوتی ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣ واژۆ کرا، ئەم رێکەوتنە بەر ئەنجامی کۆنگرەی لۆزان بوو، کە لە بیستی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ تا سەرەتای ١٩٢٣بۆ ماوەی حەفتاو حەفت رۆژ ،لە شاری لۆزانی سویسرا بەردەوام بوو، بە مەبەستی رێکەوتنی کۆتایی نێوان تورکیا و هاوپەیمانانی جەنگی جیهانی یەکەم، هەروەها بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕگەو بەندەکانی پەیمانامەی سیفەر ،کە تورکیا بە تایبەت ،پاش بریاردانی ئەنجومەنی گەلی تورکی بە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی خەلافەت لە یەکی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەدا، و هەندێک لە سەرکەوتنەکانی ئەتاتورک لە ئەنکەرە و دەوروبەریدا، دانی بەو رێکەوتن و پەیمانامانەدا نەدەنا کە بە ناوی خەلافەتەوە واژۆ کرابوو، تورکیا زۆر زیرەکانە شاندی خۆی بە سەرۆکایەتی عیسمەت ئینۆنۆ و ئەندامیەتی رەزا نور و حاخامی باڵای ئەستەمبوڵ ناحومی یەهودی ناردە کۆنگرەکە ، بۆ چەسپاندنی داوکاریەکانی ئەتاتورک.
کوردیش لەو قۆناغ و سەردەم و رۆژگارەدا ، ئەوەی رزگاریشی بوبو، داوای گەراندنەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی دەکرد ، ئینگلیزی بە کافرو تورکەکانی بە نوێنەری خوا دەزانی! بێ ئاگا لەوەی مستەفا کەمال ئەتاتورک کودەتایەکی بەسەر سیستەمی خەلافەتدا کردووەو بە نیازی بونیادنانی دەوڵەتێکی نەتەوەییە لە تورکیا.
جەنگی جیهانی یەکەم رووداوێکی زۆر گەروەی سەرتاسەری بوو ، بە تایبەت لە ئەوروپا و رۆژهەلاتی ناوەراستدا گۆرانکاری سیاسی و ئابوری و کلتوری و کۆمەڵایەتی قول و ریشەیی لێ کەوتەوە، گرنگترینیان کەوتنی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و پێکهاتنی دەیان دەوڵەتی سەربەخۆ و دووبارە داڕشتنەوەی سنوری نێوان گەلانی ناوچەکە بوو.
کورد یەکێک بوو لە گەلانی زۆر دێرینی ناچەکە، لە رۆژگاری جەنگی جیهانی یەکەمدا، زیاتر لە چوارسەد سال بوو خاکەکەی دابەشکرابوو ، رووبەرێکی فراوانی لە ژیردەسەڵاتی ئەو ئیمبرتۆریەتەدا بوو کە لە ئەنجامی ئەو شەڕە کەوتبوو ، هەڵدەوەشایەوە، نزیکەی حەفتا هەشتا سال بوو، بە بیانووی چاکسازیەوە میرنشینەکانی لە ناوبرابون ،و ئەو جۆرە سەربەخۆییە لۆکاڵیەی هەیبوو لە دەستی دابوو، بە تەواوی داگیرکرابوو ، بە تایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحمیدی دووەمەوە لە سالی ١٨٧٦ کورد کەوتبووە بەر شاڵاوی پارچە پارچەکردن و دابەشکردنی خێڵەکیانە و کۆچپێکردنی بە بەرنامە .
بۆیە بە هەموو پیشبینی و پێوەرەکان ، دەبو کورد بە ئاگاتر و هۆشیارترو ئامادەتر بووایە، بە وردی لە ئاراستەی رووداوەکان بگەیشتایە، هۆکارە نێودەوڵەتیەکانی لەبەرچاو بگرتایە و هێزی گەورەو یاریکەری سەرەکی گۆڕەپانەکەی بناسیایە.
لە گەرمەی جەنگی جیهانی یەکەمدا ، ئۆکتۆبەری ١٩١٧ شۆڕشێکی گەورەو بە ناوەرۆک جیاواز لە رووسیا روویدا، ئەویش شۆرشی بەلشەفیک بوو، ئەم شۆرشە بە سەرۆکایەتی لینین و سەرکردەی گشتی هێزی چەکدار ترۆتسکی سەرکەوتنی بە دەستهێنا، دروشمی ئەی کریکارانی جیهان یەکگرن و خەبات تا نەمانی سیستەمی سەرمایەداری بەرز کردبوەوە ، جیاوازیە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهبیەکانی بە لاوە نابوو، لە ژێر پەیامی ئەو شۆرشەدا تەواوی نەتەوە و ئاین و مەزهەب و رەنگە جیاوازەکان یەکیان گرتبوو، دژی سەرمایەداری و زێدەبایی کار دەجەنگان، بەڵینی ئاشتی و دێموکراسی راستەقینە و هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتی تایبەت و گێرانەوەی زەوی بۆ جوتیاران و کۆنترۆڵکردنی بەرهەمهێنان لە لایەن کرێکاران و دابەشکردنی بەرهەمی دەدا، ئەمە مەترسی گەورەو جدی و راستەقینەی سەر وڵاتانی سەرمایەداری بوو، کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا سەرکەوتنیان بە دەستهێنابوو، سەرقالی دابەشکردنی میراتی ئیمبراتۆرە رووخاوەکان بوون، کە ئیمبراتۆریەتی عوسمانیش یەکێک بوو لەو رووخاوانەو لەبەر یەک هەلدەوەشایەوە.
لە یەکێتی شۆرەوی و چوارچێوەی ئەو وڵاتە سۆشیالیستی و ئایندە کۆمۆنیستیەدا، پێنج وڵاتی تورکی زمان هەبوو، ئازەربایجان و تورکمانستان و کازاخستان و قەرغیزیا و ئۆزبەگستان هاوسۆزی تورک بوون، دروستکردنی وڵاتێکی ناسیونالیستی تورکی بۆ وروژاندن و ختۆکەدانی وڵاتانی تورکی زمانی یەکیتی شۆرەوی زۆر پێویست بوو، ناسیونالیستێکی وەکو ئەتاتورک باشترین کاراکتەری جێبەجیکردنی ئەو پرۆژەیە بوو، بەرنامەی نەتەوەیی ئەتاتورک زۆر گونجا و و تەبا بوو لەگەڵ سیاسەتی سەرمایەداری بۆ دژایەتی کۆمۆنیزم، و ئابلۆقەدانی یەکێتی شۆرەوی، کە دوواتر جگە لە تورکیای نەتەوەیی ، هاوکاری کۆمەڵێک وڵاتی ئاینی و مەزهەبی وەکو پاکستان و ئەفغانستان و ئیران و بەنگلادیشی کرد کە لەگەڵ ناوەرۆکی هزری کۆمۆنیزمدا نا تەبابون .
لە رۆژگاری پەیمانامەی لۆزاندا ، هیشتا وڵاتێک نەبوو بە ناوی تورکیا، بەڵکو پاشماوەی ئیمبراتۆری عوسمانی هەبوو، لەشەڕەکەدا دۆڕابوو، ئەتاتورک شەری دژی خەلیفەکان دەست پێ کرد ، سەرکردایەتی خەباتی نەتەوەیی تورکی کرد بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی تورکی و بونیادنانی کۆماری تورکیا ، ئەمەش هەماهەنگ و تەبا بوو لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەو رۆژگارەی دووای شۆرشی بەلشەفیک..
پیش لۆزان بە یەک دوو ساڵ ، بە هێمنی کار بۆ چەسپاندنی تورکیای نەتەوەیی دەکرا، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٢١دا تورکیا و فەرەنسا رێکەوتنامەیەکیان واژۆ کرد، کە بەرێکەوتنی ئەنکەرە ناسراوە، بۆ کۆتایی هێنان بەشەری نیوان هێزەکانی ئەتاتورک و فەرەنسا لە چوراچێوەی شۆرشی نەتەوەیی تورکیدا، هەروەها بۆ دیاریکردن و چەسپاندنی هێلی سنوری نێوان سوریا و تورکیا ،لەو رۆژگارەدا سوریا بە پیی رێکەوتنی سایکس پیکۆ بەر فەرەنسا کەوتبوو، ئەمەش بووە هۆی یەکەم دابەشکردنی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دووای جەنگی جیهانی یەکەم ، چونکە هیشتا کێشەی ویلایەتی موسڵ یەکلایی نەکرابوەوە لە نێوان بەریتانیا و تورکیا، شارەکانی ئورفەو ماردین و ئەدەنەو مەرعىش و نەسیبین و جەزیرە کەوتنەوە ژیر دەسەڵاتی تورکیا ، ئەو هێڵە سنوریەی لە پەیمانامەی سیفەردا دیاری کرابوو ، بە قۆلایی زیاتر لە پەنجا کیلۆمەتر لە بەرژەوەندی تورکیا هاتە ناو خاکی کوردستانەوەو لە فەرەنسیەکانی وەرگرتەوە، لیوای ئەسکەندەرۆنەش بە چارەسەرنەکراوی مایەوەو مافی پاراستنی کلتوری دایە تورکەکانی لیواکە، و زمانی تورکی کردە زمانی فەرمییان، لە کاتێکدا تورکەکان کەمینەبوون .
لەسەر ئاستی پەیوەندیە دەرەکی ودیبلۆماسیەکان ، کورد ئاگاداری جوڵەی نەیارەکانی و رێکەوتنەکانی نێوان وڵاتانی زلهێزی ئەو رۆژگارە نەبوو، هیچ پەیوەندیەکی نێودەوڵەتی و پشتیوانیەکی نەبوو، جێی ئومێدی هێزە ململانێکەرە هەرێمی و جیهانیەکان نەبوو کە کورد بتوانێت بەشێک لە بەرژەوەندیەکانیان بپارێزێت ، لەسەر ئاستی ناوخۆش لە ساڵانی جەنگی جیهانی ١٩١٤ تا ١٩١٨هیچ بزوتنەوەو نارەزایی و خۆ کۆکردنەوەو دژایەتیەکی دەوڵەتی عوسمانی بە دەستەجەمعی رێکنەخستبوو. هەوڵەکانی کورد و بە ئاگا هاتنەوەو هەڵپەی فریا کەوتنی زۆر دوواکەوت ، کەوتە پاش خۆ قایم کردنی تورکیا و رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی ئەو قۆناغە .
بە ئاگا هاتنەوەیەکی لە ناکاو ، بێ پێشینەو بێ خوێندنەوەی گۆرانکاریەکان و دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی هێزبوو، دووای جەنگ و رزگاربوونی گەلانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی ، هەندێک کەسایەتی کورد ، لە فۆرمێکی زۆر لاوازدا کە لەگەڵ ئەو پیشکەوتنە زانستی سەربازی و تەکنۆلۆژی و پیشەسازیەدا نەگونجاو بوو کە هاتبووە ئاراوە ، دەستیان دایە خەباتی نەتەوەیی بۆ داواکاریەکانی کورد، سمکۆی شکاک ، هەرچەندە لە ساڵی ١٩٠٥ ەوە وەکو کەسایەتیەکی ناوچەکە، ناو و ناوبانگی دەرکردبوو ،پەیوەندی باشی لەگەڵ روسەکان هەبوو، لە سالی ١٩١٤ەوە رێکەوتنێکی لەگەڵ قەیسەری رووسی کردبوو ، ، بەڵام لە ساڵی ١٩١٨ دەستی دایە خەباتی نەتەوەیی کە سیستەمی فەرمانڕەوایی رووسی گۆڕابوو، سەرەرای هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەڵام هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ ئینگلیزەکان نەبوو، لە کاتێکدا عێراق و ئیرانیش تا رادەیەک لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەکان بوو، شێخ محمود نامەی بۆ لینین نوسی و دژی ئینگلیزەکان جەنگا، سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا .
هەموو ئەو روداوانەی دووای ١٩١٨ بە فریای پەیمانامەی لۆزان نەکەوتن تا دژی کورد و پیشێلکردنی مافەکانی واژۆ نەکرێت، چونکە کورد زۆر درەنگ کەوتە خۆی و بێ ئاگابوو لە ئاراستەی گۆرانکاریەکان ...
باشترین نیشانەی سود وەرگرتن لە مێژوو، دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانە، یەکریزی کورد و خوێندنەوەیەکی زانستی وردی رووداوەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەکانی هێزو پەیداکردنی پشتیوانی نێودەودەوڵەتیە بۆ پرسی نەتەوەیی ..