01:34 - 21/06/2020
پەیسەر پێشنیارەكانی رێكخستنەوە و كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵە ئاشكرا دەكات
لەپاڵ ئەوەی تا هەنوكە هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و چارەسەری كێشەی دابەشنەكردن و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی كوردستان بەدیناكرێت، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی داوە بۆ رێكخستنەوە و كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و بۆ ئەوەش چەند پێشنیاز و میكانیزمێك هەن كە یەكێكیان دەكرێتە بنەمای رێكخستنەوەكە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە كۆیكردونەتەوە، لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان خواستی هەیە كۆی خەرجییەكانی بۆ مووچە لە سنووری 600 ملیار دیناردا جێگیربكات، بۆ ئەوەش پێویستی بە كەمكردنەوەی نزیكەی 250 ملیار دینار هەیە، چونكە لە ئێستادا مانگانە پێویستی بە نزیكەی 850 ملیار دینارە تا بتوانێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆران دابەشبكات.
دەسەڵات بدرێت بە وەزارەتەكان بەپێی شێوازی كار و پێداویستی خۆیان دەرماڵەكان كەم بكەنەوە
بەپێی زانیارییەكان چەند پێشنیارێك لەبەردەمی ئەنجومەنی وەزیراندان تا لەرێگەی كەمكردنەوە و رێكخستنەوەی دەرماڵەكانەوە سەقفی مووچە دابگرێت بەڵام هەر پێشنیارێك لێكەوت و نارەزایی خۆیی هەیە و بۆ هەر پێشنیارێكیان بەشێك لە وەزارەتەكان ناكۆكن، هەربۆیە پێناچێت ئەنجومەنی وەزیران بتوانێت بە بڕیارێكی گشتگیر پرۆسەكە لە سەرجەم وەزارەتەكاندا وەك یەك و بە یەك میكانیزم بگشتێنێ، بەڵكو سیناریۆی بەهێز ئەوەیە كە دەسەڵات بدرێت بە وەزارەتەكان بەپێی شێوازی كار و پێداویستی خۆیان دەرماڵەكان كەم بكەنەوە نەك بە شێوازێكی گشتێنراو بەسەر هەموو وەزارەتەكاندا، بەڵام سەرجەم وەزارەتەكان پابەندن بە كەمكردنەوە و رێكخستنەوەی مووچە و دەرماڵە.
ئەگەرچی پەیسەر پرێس هەوڵیدا لەرێگەی وتەبێژی رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە زانیارییەكان پشتڕاست بكاتەوە، بەڵام پەیوەندییەكان بێ ئەنجام بوون و زانیارییەكان وان كە پێشنیازەكان چەند جۆرێكن:-
یەكەم: تەنها مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە بنچینەییەكان بمێنێتەوە كە پێكدێن لە دەرماڵەكانی (بڕوانامە، هاوسەر، منداڵ)، بەڵام ئەم پێشنیارەیان لەلایەن چەند وەزارەتێك رەتكراوەتەوە.
دووەم: لە ئێستادا تەنها مووچەی بنەڕەتی دابەش بكرێت، بۆ ئەمەش بەشێك لە وەزارەتەكان نەیاری پێشنیارەكەن و پێیانوایە مووچەی بنەڕەتی بە تەنها زۆر كەمە و ئەگەر هیچ دەرماڵەیەكی لەگەڵدا نەمێنێت، ئەوا فەرمانبەران تووشی قەیران و حكومەتیش تووشی ناڕەزایی قوڵ دەبێت.
سێیەم: رێژەیەك دیاریبكرێت هاوشێوەی پلە تایبەتەكان بەكۆی گشتی ببڕدرێت، واتا بۆ نمونە لەسەدا 30 تا لەسەدا 50 لە كۆی گشتی مووچە ببڕدرێت بە بنەڕەتی و دەرماڵەكانەوە، بەڵام ئەم پێشنیارەشیان هەروا ماوەتەوە و كۆدەنگی لەسەر نەبووە.
دەرماڵەكە تەنها بۆ ئەو تیم و فەرمانبەرانە خەرج بكرێت كە كارەكەیان بە فیعلی مەترسیدارە
چوارەم: هەر وەزارەتە و بەپێی سروشتی كاری خۆی، ئەم پێشنیارەیان زۆرترین پشتیوانی دەكرێت لە ئێستادا ئەویش ئەوەیە كە ئەنجومەنی وەزیران رێژەی كەمكردنەوە بۆ هەر وەزارەتێك دەستنیشان بكات، لەبەر رۆشنایی ئەو رێژەیەی بۆی دەستنیشانكراوە، هەر وەزارەتێك لە ئاستی خۆیەوە مووچەی مووچەخۆرەكانی كەمبكاتەوە بە جۆرێك كە لەگەڵ سروشتی كاری فەرمانبەرەكاندا بگونجێت، بۆ نمونە ئەگەر وەزارەتێك دەرماڵەی مەترسی بەرز بێت مەرج نییە هەموو فەرمانبەرانی وەزارەتەكە لەو دەرماڵەی مەترسییە سودمەند بن بەتایبەت ئەوانەی كە كارەكەیان مەترسیدار نییە بەڵكو دەرماڵەكە تەنها بۆ ئەو تیم و فەرمانبەرانە خەرج بكرێت كە كارەكەیان بە فیعلی مەترسیدارە.
پێنجەم: دابەشكردنی مووچە وەك ئێستا بە 45ڕۆژجارێك بێت و دەستكاری نەكرێت و چاوەڕوان بكرێت تا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیشدا چاكسازی لە خانەنشینی و دەرماڵەكاندا بكرێت
هەر بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس، بڕیارە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە و كۆبوونەوەكەش بۆ بڕیاری رێكخستنەوەی مووچە و دەرماڵەكانە، زانیارییەكان ئەوەشیان تێدایە كە حكومەت دەسەڵات دەدات بە سەرۆكایەتییەكانی دیكە و رێژەی كەمكردنەوەیان بۆ دەستنیشان دەكات و سەرۆكایەتییەكانیش هاوشێوەی وەزارەتەكان سەرپشك دەكرێن لە دانانی میكانیزمی كەمكردنەوە و رێكخستنەوەی دەرماڵە و مووچەی مووچەخۆرەكانیان.
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستا چەند رۆژێكی ماوە بۆ مانگی 7، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەنها مووچەی مانگی 1ی ئەمساڵیان وەرگرتووە و بەهۆی نەدانی مووچەشەوە بەشێكی زۆر لە كاروباری فەرمانگەكان راوەستاوە، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی سەرەتا پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و لە ئێستاشدا كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ نارەزاییان دەربڕیوە و پۆلیسی هاتوچۆ شەقامەكانی چۆڵ كردووە.