کوردستان

09:56 - 07/06/2020

ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانى چى روویدا؟‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه،‌ بۆ سلێمانى رۆژێكى ناخۆشتر بوو له‌ رۆژانى دیكه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، پێنج نه‌خۆش گیانیان له‌ده‌ستدا ئه‌وه‌ به‌رزترین ژماره‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسه‌‌كه‌وه‌. به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوون به‌هۆى روودانى گرفتێكه‌وه‌، ته‌ندروستى سلێمانى به‌یانى ئه‌مڕۆ ناچاربووه‌ نه‌خۆشه‌كانى سه‌رچنار بگوازێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، تا به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ دۆخه‌كه‌ جێگیر بووه‌، به‌ره‌به‌یانێكى زوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید تاهیر والى عه‌لى به‌گ له‌ سه‌رچنار كێشه‌یه‌ك له‌ سیسته‌مى پێدانى ئۆكسجین به‌ نه‌خۆشه‌كان دروستبووه‌، كارمه‌نده‌كان گوتویانه‌ ئۆكسجین نه‌ماوه‌. شڵه‌ژانێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ دروستبووه‌، به‌وپێیه‌ى ژماره‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ ژیانیان له‌سه‌ر ئۆكسجین بووه‌. 

ته‌نها شه‌وى رابردوو له‌ نه‌خۆشخانه‌ى سه‌رچنار ١٠٠ بتڵ ئۆكسجین به‌كارهێندراوه‌. گرفتێك دروستبووه‌ كه‌ هه‌ستیان پێكردووه‌ هه‌موو ئۆكسجینه‌كان زوو ته‌واو ئه‌بن، زۆربه‌ى ئۆكسجینه‌كانى نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى و حكومییان بردووه‌ بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌. ده‌وترێت گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌بووه‌"لیكى كردووه‌،‌ یاخود لێى چووه"، به‌هۆى ئه‌مه‌وه‌ په‌شۆكان و شڵه‌ژانێك دروست بووه‌، كاتژمێر ٠٤:٠٠ى به‌ره‌به‌یان به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌كه‌یان ئاگادار كردووه‌و هاتووه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. 

كاتژمێر ٠٧:٠٠ى به‌یانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ن، خێرا نه‌خۆشه‌كان بگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید ئاسۆ به‌وپێیه‌ى له‌وێ ئامێره‌كان باشتر كار ده‌كه‌ن و كێشه‌یان نه‌بووه‌. 

دواى ئه‌وه‌ی بڕیار ئه‌ده‌ن نه‌خۆشه‌كان بگوازنه‌وه‌، فریاكه‌وتنى خێرا ١٥ ئه‌مبوڵانس ئاماده‌ دەكه‌ن به‌ ئۆكسجینه‌وه،‌ تیمێكى ته‌واوى فریاكه‌وتنى خێرا ده‌گه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌، یه‌كه‌ یه‌كه‌ نه‌خۆش ئه‌گوازنه‌وه،‌ به‌ڵام دوو له‌ توشبووه‌كان كه‌ ژن بوون هه‌ر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كەی سەرچنار‌ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. پێش ئه‌وه‌ى بگوازرێنه‌وه.

دوو توشبووى دیكه‌، كه‌ یه‌كێكیان توشبووى چه‌مچه‌ماڵ و ئه‌وى دیكه‌ توشبووى پێنجوێن بوو، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان به‌ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید ئاسۆ گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن، كه‌ به‌ گوته‌ى كه‌سێك له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و نه‌خۆشانه‌ بووه‌، كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید ئاسۆ چوونه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌ پزیشكى لێ نه‌بووه‌و ماوه‌یه‌كى زۆرى پێچووه‌ تا شوێنى نه‌خۆشه‌كانیان جێگیر كردووه‌و ئامێرى هه‌ناسه‌ندانیان بۆ داناونه‌ته‌وه‌، ئه‌و دوو توشبووه‌ بارودۆخیان قورس بووه‌و گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌. 

له‌دواى كاتژمێر ١٠:٠٠ى پێشنیوه‌ڕ‌ۆ، دۆخى نه‌خۆشێكى دیكه له‌وانه‌ى كه‌ تازه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید ئاسۆ‌ تێك ده‌چێت و گیان له‌ ده‌ست ده‌دات. به‌و جۆره‌ش ته‌نها ئه‌مڕۆ پێنج توشبووى كۆرۆنا گیانیان له‌ ده‌ستدا.