کوردستان

11:13 - 30/12/2018

یه‌كێتى بۆ دانانى پارێزگارى كه‌ركوك گه‌رێكى دیكه‌ى دانوستان له‌گه‌ڵ پارتى ده‌ستپێده‌كات‌

پەیسەر

یه‌كێتى سووره‌ له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك‌، ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى له‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وام بێت بۆ ئه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ بۆخۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌.

ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك بۆ حیزبه‌كه‌ى‌ و یه‌كێتى-یش گرنگه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان به‌زوویی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.

ئارێز عه‌بدوڵڵا گوتیشى"یه‌كێتى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گفتوگۆى له‌گه‌ڵ پارتى كردووه‌و بڕیاره‌ گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامى هه‌بێت، كه‌ له‌و باره‌وه‌ هیچ رێككه‌وتنێك نه‌هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌".
قسه‌كانى ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌كاتێكدایه‌، كه‌ ماوه‌ى رابردوو په‌یسه‌ر پرێس بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كێتى ده‌یه‌وێت یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك به‌ پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێم ببه‌ستێته‌وه‌.

له‌و باره‌وه‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد،"به‌ڵێ ئه‌وه‌ راسته‌ یه‌كێتى ده‌یه‌وێت هه‌موو پرسه‌كان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى دیموكرات باس بكات‌ و ئه‌و پرسه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و پرسانه‌ په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌و ده‌بێت چاره‌سرى بكرێت".

هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ى له‌پارتی گرت، به‌وه‌ى بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك نایه‌وێت بێته‌ پێشه‌وه‌و "ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ بۆ كورد یه‌كلابێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌".
پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك پێشتر لاى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بوو، كه‌ له‌دواى رووداوه‌كانى ١٦ى ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٧ حكومه‌تى عێراق له‌پۆسته‌كه‌ى دووریخسته‌وه‌و له‌دواى ئه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ له‌لایه‌ن راكان جبورى، كه‌ عه‌ره‌بى سوننه‌یه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌ده‌برێت.

یه‌كێتى، به‌و پێیه‌ى پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك به‌پشكى خۆى ده‌زانێت چه‌ند جارێك هه‌وڵیداوه‌ به‌گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردى‌ و توركمان‌ و عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركوك پۆسته‌كه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى رازى نه‌بوونى پارتى تائێستا ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌.