کوردستان

11:05 - 28/05/2020

قه‌ره‌چه‌تانی: ده‌رچوونى گشتى ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه‌‌

پەیسەر

د.كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی پسپۆڕی بواری پسپۆڕی بواری ده‌رونی و مامۆستای زانكۆ، بڕیارى ده‌رچوونى گشتى به‌ كاره‌سات وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت:"له‌هه‌مووی سه‌یرتر كه‌ من به‌ كاره‌ساتی ده‌زانم زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان پیرۆزبایی له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن شه‌كره‌ وه‌زیره ئه‌م خۆشحاڵییه‌ وه‌كو ده‌رزییه‌كی به‌نج وایه‌ بۆ ئه‌وان به‌ڵام له‌داهاتوودا ده‌بێت به‌ كاره‌سات بۆ كۆمه‌ڵگه".

قه‌ره‌چه‌تانی ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر ١٢ ی ئاماده‌یی بتوانن تاقیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆ زانكۆ و په‌یمانگاكان نه‌توانن؟! مه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مان دۆخییان نییه‌؟! ئه‌مه‌ پاساوێكی وا نیه‌ كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی بۆ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین ده‌بێت به‌ چ بنه‌مایه‌كی لاواز و درز و ده‌لاقه‌ بۆ قۆناغه‌كانی تری خوێندن.

ئه‌و توێژه‌ره‌ پێى وایه‌، هه‌ر دوو بڕیاره‌كه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و وه‌زیری خوێندنی باڵا بڕیارێكی ناچارییه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخه‌كه‌ هۆكارو پاساوی خۆشیان هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی خراپه‌، لێكه‌وته‌كانی خراپه‌، یه‌كه‌م شت له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی، نزیكه‌ی چوار ساڵ پێش ئێستاش بایكۆت بوو جاری وابووه‌ 2 مانگ بۆ 3 مانگی خا‌یاندووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"كۆرسی دووه‌م یه‌ك وشه‌یان نه‌خوێندووه‌، چۆن كۆرسێك بۆ دوو كۆرس حساب ده‌كرێت؟ قۆناغه‌كانی تریش ١٧-١٨ هه‌فته‌یان خوێندووه‌ له‌ كۆی ٣٠هه‌فته‌، به‌ نزیكه‌یی سەدا ٤٠ بابه‌ته‌كانیان نه‌خوێندووه‌، ئێستا ده‌یگوازیته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر ئه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌، ئه‌مه‌ هه‌مووی درز و كه‌لێن و ده‌لاقه‌یه‌ له‌بواری زانست".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌:"ئه‌گه‌ر بچیته‌ ناو بازاڕ به‌ ئه‌ندازه‌ی ١٠٠ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ قه‌ڵه‌باڵغه، ئێ خۆ هه‌ر خوێندكاره‌كه‌یه‌ و دۆخی سایكۆلۆجی ته‌واو نیه‌ ئه‌وه‌تا له‌ كافتریایه‌ و جگه‌ره‌ ده‌كێشێت و ده‌چێت بۆ بازاڕ به‌ڕاستی ئه‌مه‌ پاساوێكی وا نیه‌ تا بڵێیین ئه‌م تاقیكردنه‌وانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه".‌ 

به‌بڕواى كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانى خۆشحاڵى خوێندكاران به‌ ده‌رچوونى گشتى، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی "سیستمه‌ سه‌قه‌ته‌كه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئێمه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م گرنگی به‌ بڕوانامه‌یه‌ك و پارچه‌یه‌ك وه‌ره‌قه‌ ده‌ده‌ین كه‌ داومانه‌ به‌خوێندكار و گرنگی به‌ زانست و ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ناده‌ین، له‌ وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا و وڵاتانی تر هه‌ركه‌سێك به‌توانا نه‌بێت زانستی ته‌واوه‌تی پێ نه‌بێت، دكتۆراشی هه‌بێت له‌ هیچ شوێنێك نانی ده‌ست ناكه‌وێت".

باسیله‌وه‌شكردووه‌، تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانیش باشترین پرۆسه‌ی خوێندن له‌ عێراق و كوردستان بووه‌، به‌ڵام له‌دوای ته‌شه‌نه‌كردنی شه‌ڕی ئێران- عێراق ، داگیركردنی كوه‌یت و شه‌ڕی ناوخۆ و ڕووخاندنی سه‌دام و گرانی و ئابڵوقه‌، وای لێهاتووه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئاستی خوێندن دابه‌زیووه‌، بۆیه‌داهێنه‌ره‌كانمان یان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرت یان له‌ماڵه‌وه‌ پاڵ كه‌وتن، ئینجا به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ سیستمێكمان هه‌یه‌.

له‌دوا به‌شی قسه‌كانیدا د.كه‌ریم سه‌باره‌ت به‌ نه‌وه‌ى داهاتوو ده‌ڵێت:"من ده‌مێكه‌ وتوومه‌ جیلێك به‌ڕێوه‌یه‌ به‌ڕاستی ئه‌وه‌شی كه‌ بونیاد نراوه‌ تێكی ده‌دات، ئه‌گه‌ر بڕۆن سه‌یری سۆشیاڵ میدیا و فه‌یسبوك و میدیا و قوتابخانه‌و زانكۆكانمان بكه‌ن ، خوێندكارم هه‌یه‌ نازانێت ناوی خۆی بنوسێت ، نازانێت به‌ كوردییه‌كی باش بنوسێت دوای دوانزه‌ ساڵ به‌كوردی خوێندن ، وه‌ڵاهی كاره‌سات به‌ڕێوه‌یه‌".
س؛ ده‌نگى ئه‌مریكا