کوردستان

06:30 - 29/12/2018

هۆكاری راوه‌ستانی كۆبوونه‌وه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ‌

پەیسەر

بەهۆی ململانێی ناوخۆی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە، كۆبونەوەكانی پێكهێنانی حكومەت وەستاون، پەیسەرپرێس بەشێك لەكێشەكانی ئەو حزبە ئاشكرا دەكات.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، بەهۆی كێشەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانی لەئێستادا مەكتەبی سیاسی  یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناتوانێت كۆببێتەوە  و ناشتوانێت لەگەڵ لایەنەكانی تر كۆببێتەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس ئاماژەی بەوەكرد، هەفتەی رابردوو بڕیاربوو وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی بكات، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و بزوتنەوەی گۆران، بەڵام یەكێتی داوای لەپارتی كردووە سەردانەكەیان بۆ سلێمانی دوابخەن و كاتیان پێ بدەن بۆ ئەوەی كێشەكانی ناوخۆی حزبەكەیان چارەسەربكەن.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشوازی لەوەفدەكەی پارتی بكات، بەڵام پارتی نەیویستوە لەم قۆناغەدا بێ‌ یەكێتی كۆبوونەوەكانی دەست پێ بكاتەوە.

سەبارەت بەقوڵبونەوەی ناكۆكیەكانی ناو یەكێتی سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، لەسەرچەند پۆستێك لەناو حكومەت و پەرلەمان ئەو دوو باڵەی یەكێتی ناكۆكن، بەڵام ناكۆكی سەرەكی لەسەر ئەوەیە كە مەسرور بارزانی رێگەنادات هیچ وەزیرێكی كابینەی پێشوو ببێتەوە بەوەزیر بەوەش دەربازكۆسرەت رەسوڵ ناتوانێت بیێتەوە بەوەزیر و كۆسرەت رەسوڵیش سورە لەسەر ئەوەی كە لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم بەشداربێت بۆئەمەش تەنها رێگا ئەوەیە كە دەرباز بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كاندید بكرێت، ئەو هەنگاوەش لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە تائێستا رەتدەكرێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ بەنهێنی لەسەر پۆستەكان رێككەوتوون.