کوردستان

02:55 - 29/12/2018

به‌رهه‌م ساڵح له‌رێگه‌ى توركیاوه‌ هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى ئاسایى بكاته‌وه‌‌

پەیسەر

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى توركیاوه‌ فشار له‌سه‌ر پارتى دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى ئاسایى بێته‌وه‌، هاوكات پارتى به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانى پارتى نه‌رمى بنوێنێت سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تى داد و پارێزگارى كه‌ركوك.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، به‌رهه‌م ساڵح به‌نیازه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى نوێدا سه‌ردانى توركیا بكات و له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمارى توركیا كۆببێته‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ پارتى به‌شێكى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆماره‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌رپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى توركیاوه‌ فشار دروست بكات له‌سه‌ر پارتى، تا ئه‌و حزبه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار بكات و په‌یوه‌ندییه‌كانى بارزانى و سه‌رۆك كۆمار ئاسایى ببێته‌وه‌.

هاوكات سه‌رۆك كۆمارى عێراق ده‌یه‌وێت، له‌ رێگه‌ى فشارى توركیاوه‌ پارتى ناچار بكات كه‌ له‌ پرسى وه‌زاره‌تى داد و پارێزگارى كه‌ركوك نه‌رمى بنوێنێت به‌رامبه‌ر یه‌كێتى، هه‌روه‌ها له‌ پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش داواكارییه‌كانى یه‌كێتى جێبه‌جێبكرێت.

پێشتر په‌یسه‌ر پرێس ئه‌وه‌ى ئاشكراكردبوو كه‌ هه‌وڵێكى ئێران بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى مه‌سعود بارزانى و به‌رهه‌م ساڵح شكستیهێناوه‌، بارزانى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى ئێرانى قبوڵنه‌كردبوو بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح.