10:42 - 04/05/2020
شهماڵ عهبدولوهفا: ئهگەر پێتان وایه لامهركهزی ببێتە دوو مەرکەزی و حزبەکانی دیکە ببنە پاشکۆ، ئێمەی تیا نین
شهماڵ عهبدولوهفا ئهندامى خانهى راپهڕاندنى بزوتنهوهى گۆڕان، له گوتارێكدا روئیاى گۆڕانى سهبارهت به پرسى لامهركهزى روونكردووهتهوهو دهشڵێت:"ئهگەر وا سەیری دەکەن ئەم لا مەرکەزییە ببێتە دوو مەرکەزی ھەولێر و سلێمانی، حیزبەکانی تریش بە پاشکۆیەتی دوایان بکەون، ئەوا ئێمەی تیا نین".
شهماڵ عهبدولوهفا باسیلهوهكردووه، ئهوان دیدیان زۆر روونە لەسەر لا مەرکەزیەت ، لە زۆر بۆنە و باسدا ئاماژەیان پێ کردووە:
١-ھەر وەک ماوەیەک لەمەوبەر وتاری ھەفتانەمان لەسەر لا مەرکەزیەت بوو.
٢-قانونی بریمەر بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان ئاماژەیە بۆ لا مەرکەزیەت.
٣-ھەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەئکید کردنەوەیە لەو پرنسیپە .
٤- ھەلبژاردنی پارێزگاکان لە لایەن شارەکانەوە واتا مەرکەزێکی تر و دەسەلاتێکی خۆجێیی.
٥- دنیا بینینی نەوشیروان مستەفا لەسەر پرسی ( لامەرکەزی):
وهفا بۆچوونهكانى نهوشیروان مستهفاى بۆ لامهركهزى و پلانى حكومهت بیرهێناوهتهوه كه دهڵێت:"کاری ئەنجومەنی وەزیران نەخشاندنی پلانی ئابورى، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریە، لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی کوردستانی عێراق، بەپێی پلانی ٥ ساڵە و١٠ ساڵە و ١٥ ساڵە، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران ئەو لایەنەیە کە پەیوەندی لە نێوان ناوەند و هەرێم و وڵاتانی تردا ڕێک دەخات هەروەها ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە دەسەڵات لە هەموو ئەنجومەنی پارێزگاکان و قایمقامەکان و مودیری ناحیەکان وەربگیرێتەوە بدرێت بە ئەنجومەنی وەزیران. بۆیە دەڵێن ئێوە سلێمانچێتی ئەکەن بەڵێ لایەنگری ئەوە دەکەین کە ئەنجومەنی سلێمانی هەموو دەسەڵاتێکی هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتتدا لایەنگری ئەوەین کە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیش هەمان دەسەڵاتیان هەیبێت هیوادارم رۆژیک بێت کەرکوکیش بێتە سەر هەرێمی کوردستان، کە دەسهڵاتی جێبەجێکردن و کارگێری و دارایی کۆمەڵێ دەسەڵاتی وایان هەبێت کە لە سنوری شوێنەکەی خۆیاندا بەڕێوەیبەرن، خەڵک وای لێ نەیەت بۆ هەموو شتێ موحتاجی دەستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانی هەولێر ببێت،ئەوە بەشێکە لە فەلسەفەی سیاسی، پەیوەندی بە ناوچە گەرییەوە نیە شێوەی بە ڕێوەبردنی وڵاتە".
بهبڕواى ئهو ئهندامهى خانهى راپهڕاندن، ئەم بۆچوونانه بەسن تا دیدی گۆران روون بێت. بۆ فرە مەرکەزی ئێستا گرنگ ئەوەیە بزانین یەکێتی و پارتی :
أ- چۆن سەیری ئەم بابەتە ئەکەن.
ب- چۆن لێی تێ دەگەن.
ج- چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
شهماڵ عهبدولوهفا جهخت لهوهدهكاتهوه:"گەر وا سەیری دەکەن، ئەم لا مەرکەزییە ببێتە دوو مەرکەزی ھەولێر و سلێمانی، حیزبەکانی تریش بە پاشکۆیەتی دوایان بکەون، ئەوا ئێمەی تیا نین. ئەمە وەکو ئەوەی لێ دێت کە باس لە یەک ریزی نیشتیمانی بکەیت بەڵام چ یەک ریزییەک.من ریزی..خۆم ریزی..پارتی ریزی، بۆ یەکێتیش بە ھەمان شێوە".
بۆچوونهكهى زیاتر روونكردووهتهوهو ئاماژهى بهوهكردووه، لا مەرکەزییەت یان رونتر بڵێم فرە مەرکەزییەت ، واتا مودیر ناحیە ، قایمقام ، پارێزگا ، ئەنجومەنی وەزیران.. ھتد ببنە مەرکەزەکانی دەسەڵات ، بە راوێژێکی چڕوپڕ بە یاسا رێک بخرێت و بە رێنمایی بابەتیانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
شهماڵ عهبدوڵوهفا بۆچوونى گۆڕانى سهبارهت به سیستهمى پهرلهمانى بیرهێناوهتهوه و باسیلهوهكردووه، واتا چۆن ئێمە جەخت لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەکەینەوە کە:
١- دەسەلاتەکان تێیدا جیا کراوە بن.
٢- بە ھارمۆنییەک کۆھێزی و کاری پێکەوەیی بکەن.
٣- لە ھەمان کاتدا چاودێری یەکتر بکەن.
ههروها پێى وایه، بۆ ئەم فرە مەرکەزییەتەش ھەمان تێگەیشتنە لای ئێمە، فرە مەرکەزییەت لای ئێمە فەوزا و لێک ترازان نییە بەڵکو ١- دابەش کردنی دەسەڵاتە.
٢-چاودێری و بەدواداچوونە.
٣-جێبەجێکردنی بەرنامەی مەرکەزی حکومەتە.
٤- دروستکردنی پێشبڕکێیەکی بابەتیانەیە لە زۆر بابەتدا.
٥- دروستکردنی کادر و تاکی بە توانایە بۆ حوکمرانی و ئیدارە.
٦- بەرجەستە کردنی عەدالەتی سیاسیە.
ئهو ئهندامهى خانهى راپهڕاندن پێى وایه ئهم پلانه کاتێک سەرکەوتو دەبێت کە:
أ-حکومەتی مەرکەز خاوەنی پلانی ستراتیژی ھەرێمایەتی بێت.
ب-ئەم پلانە بە راوێژی ھەموو دامەزراوە و مەرکەزەکان و راوێژکارانی پسپۆری بێت.
ج- حکومەت و پەرلەمانیش چاودێری جێبەجێی کردنی پلانەکە بکەن و پرۆسەی بە دواداچوونیش بەردەوام بێت ، لێپرسینەوە و سزاش لەسەر بنچینەی ھەلسەنگاندنی بەرەو پێش چوونی پلانەکە دەبێت.
له كۆتاییدا چوار خاڵى سهبارهت به لامهركهزى خستووهتهڕوو كه بریتین له:
أ- بچووککردنەوەی حکومەتە لەسەرەوە ، گەورە کردنیهتی لە خوارەوە.
ب- لە ھەمان کاتدا بەھێز کردنی حکومەتە لە سەرەوە.
ج- ھەروەھا تەرشیق کردنی حکومەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان.
د- ئەمە بەشێکە لە حوکمرانی دیموکراتییانە و بەشداری پێ کردنە لە دەسەلات و دابەش کردنی. کە دەبێتە پایەیەک لە پایەکانی دەولەت داری .