12:29 - 28/12/2018
هەولێر پێشنیازێكی نوێ بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەكات
هەرێمی كوردستان پێشنیازێكی نوێی بۆ رێككەوتن لەبارەی بودجەی گشتی عێراق و بەشە بودجەی هەرێم لەگەڵ بەغدا كردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگاداری كورد لەبەغدا بۆ پەیسەر پرێس ئەوەی ئاشكرا كرد، پێشنیازەكە لەرێگەی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق، كە لەپشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە بۆ حكومەتی ناوەندی كراوە، ناوەڕۆكەكەشی ئەوەیە، بەغدا لەساڵی 2019 بەردەوامبێت لەناردنی بڕی 317 ملیار دیناری مانگانە، ئەوەش هاوشێوەی ساڵی 2018.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەرگرتنی ئەو 317 ملیار دینارە بەشێوەی مانگانە لەبەغداو فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ، دەتوانێت بودجەی خۆی دابین بكاتو چارەسەری كێشە داراییەكانی بكات.
ئەم پێشنیازەی هەولێر دوای ئەوە هات، كە لەماوەی رابردوو لایەنە كوردییەكان هەوڵی زۆریاندا، پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق زیاد بكەن بۆ 14%، كە ئێستا بە 12.67% دیاریكراوە، لەكاتێكدا ساڵانی پێشوو 17% بوو، بەڵام بەغدا ئامادە نییە پەو پشكە زیاد بكات.
هەولێرو بەغدا چەند ساڵێكە لەسەر بودجەو فرۆشتنی نەوت كێشەیان هەیەو ساڵی 2018ش لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە عێراق مانگانە 317 ملیار دینار بداتە هەرێم، ئەوەش بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لەبودجە هەیەتی.
لەئێستاشدا كێشەكان بەردەوامەو هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، كە بەغدا بۆ دابینكردنی 12.67% بۆ هەولێر لەبودجە، داوای داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی كوردستان بەشێوەی رۆژانە دەكات.
لەو بارەشەوە هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری كورد لەبەغدا دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی لەموازەنەی ۲٠۱۹ دا، كە لە قۆناغی خوێندنەوەی دووەمدایە، داوای ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لەهەرێم دەكرێت بەرانبەر شایستە داراییەكانی كەچی تا ئێستا حكومەتی هەرێم بە حەرفێك ئیلتیزامی خۆی رانەگەیاندووە، كە ئایا نەوتەكەی لەرێگەی سۆمۆوە دەفرۆشێت، یا درێژە بە سیاسەتی رابردویئەدا، كە ئەمە "ماڵوێرانی" فەرمانبەران و كۆمەڵگەكەی لێكەوتەوە.
هۆشیار عەبدوڵڵا دەشڵێت: چەند سەرچاوەیەك دەڵێن هەرێم نایەوێت، یا ناتوانێ ئەو ۲٥٠ هەزار بەرمیلە بەهۆی قەرزی كۆمپانیاكانەوە بنێرێت، ئەوە خۆی ئاماژەی درێژەدانە بە سیاسەتە مەترسیدارەكە.
ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری دەدات بەوەی، مەلەفی نەوتی هەرێم "مەترسیدارترین هەڕەشەیە لەسەر ئێستا و ئایندەی كۆمەڵگەی كوردستان"و ئەوەش دەڵێت: "سیاسەتی نەوتی هەرێم بەو مۆدێلەی ئێستای كارەساتبارە، بێدەنگی لێی تاوانە ، بەردەوام بوونی هەڵتەكاندنی كۆمەڵگەی كوردستانیو نغرۆكردنی هەرێمە لە قەرز و بارگرانییەكدا، كە نەوەكانی داهاتوش لەژێری دەرناچن".