05:07 - 27/12/2018
٥٠٠ گوندی هه‌رێمى كوردستان ٢٠ ساڵه له‌ژێر ره‌حمى بۆمبه‌كانى توركیادان
ماوه‌ى ٢٠ ساڵه هێرشه ئاسمانییه‌كانى توركیا بۆناو خاكى هه‌رێمى كوردستان، به بیانووى لێدانى په‌كه‌كه به چڕى به‌رده‌وامن، بۆمب و تۆپه‌كانى توركیا زۆرتر رووه و ناوچه‌یه‌كى جوگرافى ده‌ڕۆن، كه زیاتر له ١٠ هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه، جگه له شه‌نگال و مه‌خمور، ٥٠٠ گوند له‌ژێر ره‌حمى ئاگربارانى فڕۆكه‌كاندا ژیان ده‌كه‌ن، كه له ٢٠٠٧ ه‌وه ٥٠ شەهیدیان داوە.
كاتژمێر ٠٩:٠٠ شه‌وى ١٣ی ١٢ی ٢٠١٨ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیا بۆردومانى كه‌مپى شه‌هید ڕۆسته‌م جودیان كرد له مه‌خمور، كه ئاواره‌كانى باكورى كوردستانیان لێن چوار هاوڵاتى شه‌هید بوون، كه سیانیان ئافره‌ت بوون و ئه‌ندامى خێزانێک بوون، ئه‌مه دوایه‌مین بۆردومانى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیا بوو له ٢٠ ساڵى ڕابردوودا.
فڕۆكه‌كانى توركیا له‌و ناوچانه‌ى باكورى كوردستان مۆته‌كه‌ى ژیانن، فڕۆكه‌كان له فڕۆكه‌خانه‌ى ئامادى باكورى كوردستانه‌وه ده‌ست به فڕین ده‌كه‌ن و له ماوه‌ى ١٦ خوله‌كدا ده‌گه‌نه ئاسمانى باشوری كوردستان، زۆرترین بۆردومانه‌كانى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیش بۆ ناوچه‌كانى قه‌ندیل و گاران، له‌ماوه‌ى ١١ ساڵی رابردوو زیاتر له پێنج هه‌زارو٥٠٠ ڕۆكێت و ناپاڵمی تورکیا به‌سه‌ر ئەو دوو ناوچه‌یه‌دا باریون.
جگه له شه‌نگال و مه‌خموور، ڕووبه‌رى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ده‌كه‌وێته باكورى هه‌رێمى كوردستان و له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی په‌كه‌كه‌دایه و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه به هه‌رێمى پاراستنى میدیا ناوده‌برێت ١٠ هەزارو ٤٥٢ کیلۆمەتر دووجایە، واتە هێنده‌ى ڕووبه‌رى خاكى وڵاتى لوبنان.
ئه‌م ناوچه‌یه چه‌ندین زنجیره چیاى گرنگ و ستراتیژى له‌خۆده‌گرێت له‌وانه، حه‌فتانین، مه‌تین، خنێره، گارا، زاپ، خواكورك و قه‌ندیل، سنوره‌كه له ڕۆژهه‌ڵاتى پارێزگاى دهۆكه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا باكورى ڕۆژهه‌ڵاتى پشده‌ر درێژده‌بێته‌وه.
له‌ماوه‌ى ١١ ساڵى رابردوو واتا له ساڵى ٢٠٠٧ ەوە، سوپاى توركیا به‌چڕى له ڕێگه‌ى تۆپ و تانك و فڕۆكه جه‌نگیه‌كانییه‌وه، به‌رده‌وام بۆردومانى ئه‌و ناوچانه‌ى كردووه، كه به‌هۆیه‌وه زیانێكى زۆری مرۆیی و سروشتى و ژینگه‌یی به‌ر ئه‌و شوێن و جێگایه‌نه كه‌وتوون.
ئه‌م سنوره نزیكه‌یی ٥٠٠ گوند له خۆده‌گرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه ناوچه‌یه‌كى كوێستانییه، له وه‌رزى هاوینیشدا ژماره‌یه‌كى زۆر له ڕه‌وه‌نده‌كان به‌مه‌به‌ستى به‌خێوكردنى مه‌ڕ و ماڵاته‌كانیان ڕووى تێده‌كه‌ن. له‌و ماوه‌یه‌دا توركیا حه‌وت هه‌زار گوله تۆپى به‌ئاراسته‌ى ئه‌و ناوچانه ته‌قاندووه، به‌شى زۆرى تۆپببارانه‌كان بۆسه‌ر ناوچه‌كانى حه‌فتانیین و زاپ و خواكورك بوون.
ژماره‌ى هاوڵاتیانى شه‌هید به‌هۆى ئه‌و بۆمبانه‌وه له‌وماوه‌دا گه‌یشتووەته ٥٠ شەهید، ژماره‌یه‌كى زۆریش برینداربوون، ئاژه‌ڵه‌كانیش ژیانیان له مرۆڤه‌كان زیاتر شێواوه به‌هۆى بۆرودمانه‌وه، تا ئێستا دوو هه‌زار و ٥٠٠ ئاژه‌ڵى كێوى و ماڵى به ئاگرى بۆمبه‌كان سوتاون، كه به‌راز و ئاسك و كه‌روێشك ڕێویشیان تێدایه.
به‌هۆى به ئامانجگرتنى شوێنى نیشته‌جێبوونى دانیشتوان، له‌ئاكامى هه‌ر هێرشێكى فڕۆكه جه‌نگییه‌كان زیان به‌ر هێڵه‌كانى كاره‌باى نیشتیمانى و ڕێگاوبان و قوتابخانه و بنكه ته‌ندروستییه‌كان ده‌كه‌وێت، به‌نمونه ته‌نها له بنارى قه‌ندیل و له گوندى زارگه‌لى به‌م هۆیه‌وه بنكه‌ى ته‌ندروستییه‌كه‌ى له ساڵى ٢٠١٥ ه‌وه داخراوه.
یه‌كێك له كاریگه‌رییه مه‌ترسیداره‌كانى ئه‌و هێرشانه، كاریگه‌ریه خراپەکانیەتی بۆ سه‌ر ژینگه، به‌هۆى بوونى پووش و پاوانێكى زۆر و دارستانێكى چڕ له‌م ناوچه شاخاویانه، له ئه‌نجامى هێرشه‌كان سەدا ٨٠ی ڕووبه‌ره‌كه‌ى زیاد له جارێك سووتاوه، ئه‌مه له كاتێكدایه چه‌ندین بۆمب و ناپاڵمى نه‌ته‌قی و به‌دیده‌كرێن، كه هه‌ندێكیان كه‌وتوونه‌ته ناو ڕه‌ز و باخى هاوڵاتیانه‌وه.
به‌هۆى ترس و دڵه‌ڕاوكێ و به‌رده‌وامى هێرشى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیشه‌وه، ژماره‌یه‌كى زۆرى دانیشتووان ناچار به كۆچپێكردن بوونه‌ته‌وه، هه‌ر بۆ نمونه گه‌ر سنورى شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل وه‌ربگرین، سنورى ئه‌م شاره‌وانیه پێكدێت له ٦٣ گوند، سه‌ره‌ڕاى خاپوور بوونى ٢٩ خانووى هاوڵاتیان به‌هۆى هێرشه‌كانه‌وه، سێ گوند به‌ته‌واوى چۆڵكراوه و له سەدا ١٠ی دانیشتوانى هه‌ر گوندێكیش زێدى خۆیان چۆڵكردوه.
ئه‌گه‌رچى به‌پێى په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، تایبه‌ت به سه‌روه‌رى خاكى وڵاتان، بۆ هیچ ده‌وڵه‌تێك نییه سه‌روه‌رى ئاسمان و خاكى ده‌وڵه‌تێكى تر ببه‌زێنێت، ته‌نانه‌ت له‌كاتى شه‌ڕیشدا نابێت هێرش بكرێته سه‌ر دانیشتوانى سڤیل، به‌ڵام ده‌وڵه‌تى توركیا وه‌ك خانه‌خوێ له هه‌رێم و عێراق مامه‌ڵه ده‌كات.
تورکیا ٢٣ بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ناو خاكى هه‌رێم و عێراقدا جێگیركردووه، له‌م ژماره‌یه به‌ته‌نها له باشیك ٢١ بنكه‌ى سه‌ربازى بوونیان هه‌یه، كه ژماره‌ى سه‌ربازانى كۆى ئه‌و بنكانه لانیكه‌م ١٥ هەزار سه‌رباز ده‌بن، له ساڵى (٢٠١٨)شه‌وه به‌هۆى هێرشى زه‌مینى سوپاى توركیا به پاڵپشتى تانك و زرێپۆش و سه‌ربازى تره‌وه ٢٠كیلۆمەتر خاكى هه‌رێمیان داگیركردووه.