04:48 - 16/04/2020
سەعدی پیرە: داواكارییەكەی گۆڕان هەنگاوێكی باشە
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە پەیسەر پرێس-ی راگەیاند، هیواخوازه پێشنیارەكەی گۆڕان بۆ كۆبونەوەی سێ قۆڵی بەجدی وەربگیردرێت و گۆڕانیش بەشداری بكات، دەشڵێت:"یەكێتی كێشەی لەگەڵ كۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵی و تەنانەت پێنج قۆڵیش نییە، ئەگەر ئیسلامییەكانیش بەشداری تێدا بكەن".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژە بەوە دەكات، بەپێی رێككەوتنی ئاشتی زینوی وەرتێ سنوری یەكێتییە، دەشڵێت ئەگەر بڕیارە لیوای هاوبەشی پێشمەرگە رەوانە بكرێت دەبێت ئامرلیواكەی یەكێتی بێت، چونكە بۆ سنوری یەكێتی دەنێردرێت، و ئەگەریش بۆ سنوری پارتی بنێردرێت دەبێت ئامرلیواكەی پارتی بێت.
پیره گوتیشى:"ئەگەر لەدێگەڵە پارتی رێگەی دا دووپۆلیسی یەكێتی دابنرێت، ئەوكاتە با هێز بچێتە سەر زینوی وەرتێش قەیناكات". داواشى كرد، هەرچی زووە كۆتایی بەم كێشەیە بهێندرێت ئەگەرنا كێشەیەكی گەورە و بەخۆرایی دروست دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد:"ئێستا هەرێمی كوردستان كێشەی تەندروستی هەیە كە ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كێشەی ئابوری هەیە خەڵك دڵەراوكێی مووچەیەتی، دۆخی عێراق تەواو نییە، چ پێویستمان بەم گرژییە و كێشەیە هەیە لە وەرتێ دروستی بكەین، بەرپرسەكانی دونیا كێشە لەخۆیان دووردەخەنەوە ئێمە كێشەبۆخۆمان دەدۆزینەوە".