کوردستان

10:27 - 27/12/2018

یەكێتی داوای ئەم پۆستانەی كابینەی نوێ‌ دەكات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، داوای ژمارەیەك پۆست كە تیایدا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەتی تێدایە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات.

بە پێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە، دەستی كەوتووە، لە گفتوگۆكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتییەكان، داوای سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆكی حكومەت و هەرێمی كردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: یەكێتی لە پۆستەكانی كابینەی نوێش داوای پێنج وەزارت و هەشت بریكاری وەزیر دەكات كە یەكێك لە بریكارەكان، بریكاری وەزیری ناوخۆیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە لەوپێنج وەزارەتە یەكێتی داوای ئەوەی كردووە دوو وەزارەتی سیادی پێبدرێت.

لەبارەی وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ داواكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەرچاوەكەی پەیسەر گوتی: پارتی لە دانیشتنەكەدا ئەوەی بە وەفدی یەكێتی نیشتیمانی راگەیاندووە بۆ پێكهێنانی حكومەت پشتیان بە بنەمای كورسی بەستووە و بە پێی ژمارەی كورسیش بێت یەكێتی ئەو پۆستانەی بەرناكەوێت.