کوردستان

08:16 - 26/12/2018

قاسم سلێمانی هۆشداری دەداتە یەكێتی‌

پەیسەر

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی هۆشداری داوەتە یەكێتی نیشتمانی، بەوەی نابێت دژی كاندیدكردنی فالیح فەیاز بۆ وەزیری ناوخۆ بوەستێتەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، كە قسەی بۆ پەیسەر پرێس كردو داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، هۆشدارییەكەی قاسم سلێمانی پەیوەندی بەسووربوونی لایەنی ئێرانییەوە هەیە، كە دەیەوێت فالیح فەیاز بكرێتە وەزیری ناوخۆی عێراق.

هاوپەیمانی "بینا" فالیح فەیازی بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ كاندید كردووە، بەڵام هاوپەیمانی "چاكسازی" لەگەڵ كاندیدكردنی ناوبراو نییە، ئەوەش كێشەی لەناو پەرلەمانی عێراق دروستكردووەو تائێستاش پرسی كاندیدبوونی فەیاز یەكلانەبووەتەوە.
 
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە فەرماندەی سوپای قودس جەختی كردووەتەوە، بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق‌و دەنگدان لەسەر فالیج فەیاز دەبێت پەرلەمانتارانی یەكێتی ئامادەبن‌و دەنگ بدەن بەو كاندیدە.