کوردستان

12:05 - 06/04/2020

كۆمپانیاى ده‌رمانى سامه‌ڕا ٣ ده‌رمان بۆ توشبووانى كۆرۆنا پێشكه‌ش ده‌كات‌

پەیسەر

كۆمپانیاى ده‌رمانى سامه‌ڕا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌رهه‌مى یه‌كه‌مى ده‌رمانى چاره‌سه‌رى ڤایرۆسى كۆرۆنا، ده‌به‌خشن به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى.

میدیاى فه‌رمى حكومه‌تى عێراق بڵاویكرده‌وه‌، عه‌بدولحه‌مید سالم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیاى ده‌رمانى سامه‌ڕا رایگه‌یاندووه‌، به‌رهه‌مى (ازپرومایسین) له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ پێشكه‌شى ده‌رمانخانه‌ و فرۆشگا ده‌رمانییه‌كان ده‌كه‌ن، كاروانى یه‌كه‌میشى به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌به‌خشنه‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى. 

ده‌شڵێت:"كاروانى یه‌كه‌م ئه‌و به‌رهه‌مه‌، له‌رێگه‌ى شانه‌ى قه‌یرانه‌كان راده‌ستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌كه‌ن، كه‌ چوارهه‌زار و ٥٠كارتۆنه‌ له‌ كۆمپانیاكه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى توشبووانى ڤایرۆسى كۆرۆنا".

روونیكردووه‌ته‌وه‌، به‌رهه‌مهێنانى ئه‌م ده‌رمانه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌هیواى ئه‌وه‌ى وه‌جبه‌یه‌كى به‌رهه‌مى بنه‌ڕه‌تى بۆ بازاڕه‌ خۆجێییه‌كان ره‌وانه‌ بكه‌ن و له‌ ده‌رمانخانه‌كان به‌رده‌ست ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیاى ده‌رمانى سامه‌ڕا راشیگه‌یاندووه‌، كۆمپانیاكه‌ ئاماده‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانى ده‌رمانیى(كلوركین) دواى گه‌یشتنى مادده‌كانى ده‌رمانه‌كه‌، راسته‌وخۆ ده‌ستده‌كه‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنانیى. جه‌ختیكردووه‌ ئه‌م ده‌رمانه‌ سه‌ركه‌وتنى سه‌لماوه‌ له‌رووى زانستییه‌وه‌، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا به‌رهه‌میده‌هێنن.

هه‌روه‌ها باسیله‌وه‌كردووه‌، كۆمپانیاكه‌ كار ده‌كات بۆ به‌رهه‌مهێنانى ئاماده‌كراوى ده‌رمانیى سێیه‌م(هایدروكلوروسین). به‌گوته‌ى ئه‌و، ئاماده‌ن بۆ ئه‌وه‌ به‌ڵام چاوه‌ڕێى گه‌یشتنى مادده‌ى كاریگه‌رى ده‌رمانه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ گه‌یشتنى ئه‌و مادده‌یه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌رمانه‌كه‌ به‌رهه‌مده‌هێنن و ده‌یخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.