06:16 - 26/12/2018
پارتی دهیهوێت وهك هێزی دووهم مامهڵه لهگهڵ یهكێتی بكات و یهكێتیش رهتیدهكاتهوه
یەكێتی نایەوێت رێككەوتنی دووقۆڵی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەگەڵ پارتی واژۆ بكات و پێی وایە ئەوە زیان بەپێگەكەی دەگەیەنێت، چونكە پارتی بە نیازە لەم رێكەوتنەدا وەك هێزی دووەم مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیاری ئەوەی خستۆتە بەردەم یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە رێككەوتنێك واژۆ بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت بۆ ئەوەی ببێتە بەردی بناغەی پەیوەندی یەكێتی و پارتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
سەرچاوەكە دەڵێت: هۆكاری ئەو پێشنیارەی پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەچوار ساڵی رابردوودا یەكێتی خاوەنی گوتارێكی دیاریكراو نەبووە،بەجۆرێك سەرباری ئەوەی بەشێكی سەرەكی بوو لەحكومەت بەڵام هەندێك جار وەك ئۆپۆزسیۆن دەردەكەوت.
گوتیشی: هەروەها سەرباری بوونی رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا، بەڵام لەگەڵ لایەنەكانی تر پرۆژەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی پێشكەش كرد، لەهەموو ئەمانەش گرنگتر پارتی دەیەوێت لەرێگەی ئەو رێككەوتنەوە مامەڵە لەگەڵ یەك سەركردایەتی یەكێتی بكات كە بەرامبەر ئەو رێككەوتنە بەرپرسیاربن، نەك وەك ئەوەی لەرابردوودا بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی و بەشەكەی تریش دژی پارتی بوون.
بەگوێرەی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، یەكێتی پێشنیارەكەی بەباش نەزانیوە و پێی وابووە نابێت پارتی وەك براوەی یەكەم و یەكێتی وەك براوەی دووەمی هەڵبژاردن رێككەوتن بكەن، بەڵكو دەبێت یەكێتی و پارتی وەك دوو لایەنی سەرەكی لەحكومەت رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی تر واژۆ بكەن.
بەپێی زانیاریەكان یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێی وایە رێككەوتنێكی لەو شێوەی پارتی داوای دەكات قەبارەی حزبەكەیان بچوك دەكاتەوە و زیان بەپێگەكەی دەگەیەنێت.